ئێران ناسنامەی خۆکوژەکانی پارێزگای کرمانی ئاشکرا کرد

تەقینەوەکەی شاری کرمان
تەقینەوەکەی شاری کرمان

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، ناسنامەی ئەو دوو خۆکوژەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری کرمان هێرشە تیرۆریستییەکەیان ئەنجامدا کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە ئاشکراکران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی حکومەتی ئێراندا رایگەیاند، یەکێک لە خۆکوژەکان رەگەزنامەی تاجیکستانییە و ئەگەری زۆرە خۆکوژەکەی دیکەش تاجیکی بێت.

وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لەو کەسانەی پەیوەندییان بەم هێرشە تیرۆریستییەوە هەبووە دەستگیرکراون، هەروەها دەست بەسەر کەلوپەلەکانیشیاندا گیراوە.

پێشووتر مەهدی بەخشی، داواکاری گشتی پارێزگای کرمان، دەستگیرکردنی 32 کەسی لەسەر ئەو دۆسیەیە راگەیاندبوو، کەسێکی پەیوەندار بەو دۆسیەیە گوتی: ئێستا ئەوان لە ژێر لێکۆڵینەوە و رێکاری سەرەتایی دان.

چوارشەممەی رابردوو دوو تەقینەوە لە نزیک مەزاری قاسم سولەیمانی و لە چوارەمین ساڵیادی کوشتنەکەی لە پارێزگای کرمان روویدا، کە 91 کەس کوژران و 277 کەسیش بریندار بوون.