لە ئێران 'کەمترین' حەقدەست بە کرێکاران دەدرێت

کرێکارێکی ئێرانی لە کاتی کارکردن
کرێکارێکی ئێرانی لە کاتی کارکردن

K24 - هەولێر

لە ئێران کەمترین حەقدەست بە کرێکاران دەدرێت و سەرباری ئەوەی بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە، نرخی هاڵاوسان لە سەدا 40 زیاترە، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تەنیا سەدا 20ـی مووچەی کرێکاران زیادی کردووە.

نرخی هەڵاوسان لە ئێران لە نێوان سەدا 40 بۆ 50ـیە. بەپێی ئامار و لێکۆڵینەوەکان لە هیچ ناوچەیەکی ئەو وڵاتە مووچەی کرێکاران نیوەی سەبەتەی بژیوی خێزانەکانیان دابین ناکات، کەچی لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2024ـی وڵاتەکەدا تەنیا سەدا 20ـی  زیادکردنی مووچە بۆ کرێکاران پێشنیار کراوە.

 کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش باس لەوە دەکەن، نەک هەر ناتوانن پارەی بیمەی مانگانەی خۆیان بدەن، بگرە مووچەکەیان پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیشیان دابین ناکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی تیجارەت‌ نیوز کرێکارانی ئێرانی تەنیا 140 یۆرۆ بۆ مووچەی یەک مانگ وەردەگرن، کە نزیکەی هەشت ملیۆن تمەن دەکات و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی ئیلنا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئامار و لێکۆڵینەوەکان لە هیچ ناوچەیەکی ئێران سەبەتەی بژێوی لە 18 بۆ 20 ملیۆن تمەن کەمتر نییە و مووچەی کرێکاران نیوەی سەبەتەی بژیوی خێزانەکانیان دابین ناکات.

سومەییە گوڵپوور، سەرۆکی ناوەندی باڵای ئەنجومەنە کرێکارییەکانی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، بێجگە لە کرێکارانی فەرمی کە لە ئەنجومەنی باڵای کار باس لەسەر دیاریکردنی مووچەکانیان دەکرێت، ملیۆنان کرێکاری نافەرمییش هەن کە نە گرێبەست و بیمەیان هەیە و نە کەمترین مووچەی بەردەوامیشیان بۆ دیاری دەکرێت.

 ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنامەی شەرق بڵاویکردووەتەوە، لە شەش مانگی دوای نەورۆزی ئەمساڵ زیاتر لە هەزار کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە، وەکوو کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، لێدانی کارەبا و سووتان گیانیان لەدەست داوە و خێزانەکانیان بەبێ سەرپەرست ماونەتەوە.