نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبل سزای 15 مانگی دیکەی بەسەردا سەپێندرا

K24 - هەولێر

دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران سزایەکی دیکە بۆ نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارە تازەکەی دادگای ئێران، ساڵێک و سێ مانگی دیکە سزای زیندانی بەسەردا سەپاندووە بە تۆمەتی چالاکیکردن لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێو زینداندا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کەسوکارەکەی نێرگز محەمەدی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، سزا تازەکەی نێرگز محەمەدی جگە لە 15 مانگ زیندانی بوون، دوو ساڵ لە تاران و پارێزگاکانی نزیک تاران دوور دەخرێتەوە و بۆ دوو ساڵیش بۆی نییە گەشتی دەرەوەی وڵات بکات، هەروەها بۆی نییە بەشداری لە گرووپ و تۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکات، لەو ماوەیەشدا ناتوانێت سوود لە مۆبایل وەربگرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دانیشتنەکەی دادگا بەبێ ئاگادارکردنەوە و ئامادەبوونی نێزگز محەمەدی بەڕێوەچووە، کە ئەمە پێنجەمین سزایە بۆی دەردەکرێت و سێیەمینجارە بەتۆمەتی چالاکییەکانی نێو زیندان سزا دەدرێت، بە کۆی گشتی سزاکانی گەیشتووەتە 12 ساڵ و سێ مانگ زیندانی و لێدانی 154 قامچی لەگەڵ دوو ساڵ قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات و دابڕاندنی لە پەیوەندییە کۆمەڵاتی و سیاسییەکان، لە بەرامبەردا خانەوادەکەی بڕیارەکانی دادگا بە سیاسی ناو دەبەن.

نێرگز محەمەدی یەكێکە لە ژنە چالاکوانەکانی ئێران و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، ساڵی رابردوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ بەخشرا.