ئیبراهیم ره‌ئیسی: هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دیمه‌شق بێ وه‌ڵام تێناپه‌ڕێت
K24 – هەولێر:
سه‌رۆككۆماری ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر دیمه‌شق بێ وه‌ڵام تێناپه‌ڕێت.
دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل باڵه‌خانه‌یه‌كی له شاری دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا بۆردومانكرد، بووه هۆی كوژرانی سادق ئومێدزاده ناسراو به (حاجی سادق)، به‌رپرسی هه‌واڵگری سوپای پاسداران له سووریا و جێگره‌كه‌ی و چه‌ند راوێژكارێكی سه‌ربازی ئێران و ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ران و پله‌دارانی سوپای سووریا، ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆككۆماری ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌م هێرشه بێ وه‌ڵام تێناپه‌ڕێت".
ره‌ئیسی بۆردومانه‌كه‌ی دیمه‌شقی به "هێرشێكی ترسنۆكانه" وه‌سفكرد و رایگه‌یاند، ئه‌و كاره تیرۆریستییه.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئه‌و هێرشه ده‌ره‌نجامی هه‌ره‌سی رژێمی زایۆنییه له‌به‌رامبه‌ر هێزی "مقاوه‌مه"، له‌ناوچه‌كه كه ئێران و گرووپه فه‌ڵه‌ستینیی و عێراقییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیسرائیلی تۆمه‌تبار كرد به ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دیمه‌شق.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكا، سادق ئومێدزاده له چه‌ند مانگی رابردوودا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستنیشان كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو خاكی سووریا به‌ئامانج بگیرێت، به‌و پێیه‌ی به‌شداری له‌و پلانانه‌دا ده‌كرد كه به‌هۆیانه‌وه هێرش ده‌كرایه سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا.