قەیرانی ئاو و کارەبا لە ئێران بەردەوامە

قەیرانی ئاو و کارەبا لە ئێران بەردەوامە
قەیرانی ئاو و کارەبا لە ئێران بەردەوامە

K24 - هەولێر

قەیرانی ئاو و کارەبا لە ئێران بەردەوامە و گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ئەو ئاوەی لە بەر بەنداوەکانی وڵاتەکەی دەڕوات بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کارەبا دوو هێندەی ئەو ئاوەیە کە دەچێتەوە ناویان.

فیرووز قاسم‌ زادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند، ساڵی ڕابردوو 6.93  ملیار مەتری سێجا ئاو ڕژاوەتە ناو بەنداوەکانی وڵاتەکەیەوە، بەڵام ئەمساڵ تا 20ی کانوونی دووەمی 2024، ئەو بڕە بۆ 6.18 ملیار مەتری سێجا کەمبووەتەوە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سەدا 11 کەمیکردووە.

فیرووز قاسم‌ زادە ئاماژەی بەوەش کردووە، ساڵی ڕابردوو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کارەبا 6.23 ملیار مەتری سێجا ئاوی بەنداوەکان؛ بەکارهێنراوە، کە ئەو قەبارەیە ئێستا گەیشتووەتە 7.62 ملیار مەتری سێجا، ئەمەش دەری دەخات بەکارهێنان و لەبەرڕۆیشتنی ئاوی بەنداوەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سەدا 22 زیادیکردووە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران ڕایگەیاندبوو، یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی بەرهەمهێنانی ناهاوسەنگی کارەبای ئاوی لە هاوینی 2023دا بۆ سەدا 40 دابەزیوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی کارەبا لە 9 مانگی ساڵی 2023دا بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی لە ئێران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، سەدا 75 زیادیکرد.

ڕۆژنامەی (دنیای اقتصاد)یش لە ڕاپۆرتێکیدا هۆشداری دەدات کە قەیرانی ئاو و کارە لە پرۆژەیاسای بودجەی 2024دا بە هیچ شێوەیەک مافی خۆیان پێ نەدراوە، بەتایبەت لە کەرتی کارەبادا ناهاوسەنگیی دارایی و بەرهەمهێنان بەهۆی پێکهاتەی ئیفلیجی ئابووریی ئەم کەرتەوە کەلێنێکی گەورەی لە نێوان داهاتەکان و تێچووەکانیدا دروستکردووە.