هۆشداری لە سەرهەڵدانی قەیرانی کارەبا و ئاو لە ئێران دەدرێت

"بەشێکی زۆری ئاوی ئێران بەهۆی چوونە ناو بەنداوەکانەوە بە فیڕۆ دەچێت"

K24 - هەولێر

قەیرانی کارەبا و ئاو لە ئێران بەردەوامە و گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران دەڵێت: ئەو ئاوەی لەبەر بەنداوەکانی وڵاتەکەی دەڕوات بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کارەبا دوو هێندەی ئەو ئاوەیە کە دەچێتەوە ناویان. رۆژنامەی (دونیای ئیقتساد)یش لە راپۆرتێکیدا هۆشداری دەدات لەوەی قەیرانی ئاو و کارەبا لە پرۆژەیاسای بودجەی 2024دا بە هیچ شێوەیەک مافی خۆیان پێنەدراوە.

گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند، لە ساڵی 2022 ئاویی 6.93 ملیار مەتری سێجا ئاو رژاوەتە ناو بەنداوەکانی ئێران. بەڵام ساڵی 2023 تا 20ی کانوونی دووەمی 2024 کەم بووەتەوە بۆ 6.18 ملیار مەتری سێجا و بەراورد بە ساڵی رابردوو 11% کەمیکردووە.

فیرووز قاسم‌ زادە گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران دەشڵێت: هاوکات ساڵی رابردوو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کارەبا 6.23 ملیار مەتری سێجا ئاوی بەنداوەکان بەکار هێنراوە، کە ئەو قەبارەیە ئێستا گەیشتووەتە 7.62 ملیار مەتری سێجا، ئەمەش دەریدەخات بەکارهێنان و لەبەر رۆیشتنی ئاوی بەنداوەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو 22% زیادیکردووە.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران رایگەیاندووە، یەدەگی ئاوی بەنداوەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی بەرهەمهێنانی ناهاوسەنگی کارەبای ئاوی لە هاوینی 2023دا بۆ %40 دابەزیوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی کارەبا لە نۆ مانگی ساڵی 2023دا بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی لە ئێران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، %75 زیادیکرد.

رۆژنامەی (دنیای اقتصاد) لە راپۆرتێکدا هۆشداری دەدات لەوەی  قەیرانی ئاو و کارە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2024دا بە هیچ شێوەیەک مافی خۆیان پێ نەدراوە، بەتایبەت لە کەرتی کارەبادا ناهاوسەنگیی دارایی و بەرهەمهێنان بەهۆی پێکهاتەی داڕوخانی ئابووریی ئەم کەرتەوە کەلێنێکی گەورەی لەنێوان داهاتەکان و تێچووەکانیدا دروستکردووە.