ژووری بازرگانیی تاران داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی دەکات

ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران

K24 – هەولێر:

ژووری بازرگانی تاران داوا لە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر دەکات پێداچوونەوە بە داواکارییەکەیان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی بکەن و دەڵێت ئەو بڕیارە زۆر جێگەی داخە.

رۆژی دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) ژووری بازرگانیی تاران داوا لە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر دەکات، داواکاریی هەڵپەساردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.

ژووری بازرگانیی تاران لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی داواکاری بۆ بایکۆتکردنی کەلوپەلی ئێرانی لەلایەن ژووری بازرگانیی و پیشەسازی هەولێرەوە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، راگەیەندراوی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر لەبارەی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی "زۆر جێگەی داخە."

 ژووری بازرگانیی تاران روونیکردووەتەوە، "ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵی هەتاویدا نزیکەی سێ ملیار دۆلار بووە، نابێت هەنگاوێک بنێن زیان بە پەرەسەندنی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولا بگەیەنێت."

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دوای هێرشەکانیش لە هەولێر، دهۆک، سۆران، زاخۆ، ئاکرێ و بەردەڕەش و لەلایەن رەوەندی کوردستانی لە 15 وڵاتی جیهان خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بەڕێوەچوو کە تێیدا داواکرا رێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگیرێت و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵییش کرا سنوورێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئێران دابنێن.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆک، داوایان لە هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و جەختیان کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوە دەگەڕێن بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.