هاووڵاتییانی ئێران لە پەسەندکردنی یاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینیی ناڕازین

ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی
ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینیی وڵاتەکەی پەسند کرد. هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێیان وایە، یاساکە پەرە بە بێکاریی گەنجان دەدات.

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینیی وڵاتەکەی پەسند کرد کە بەپێی یاساکە ئافرەتان پاش 30 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن و پیاوان دوای 35 ساڵ کار و 62 ساڵ تەمەن خانەنشین دەبن.

هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێیان وایە پەسندکردنی یاساکە پەرە بە بێکاریی گەنجان دەدات و کەسانی بەتەمەنیش توانا و تاقەتی پێویستیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان نامێنێت.

لە کاتێکدا بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 18 سندووقی خانەنشینیی ئێران 17 سندووق مایەپووچ بوون، یان لەبەردەم مایەپووچیدان، حکومەتی ئێران دەیەوێت بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی ڕێژەی پشتیووانی لە سندووقەکانی خانەنشینی زیاد بکات، هاووڵاتییانیش پێیان وایە بەهۆی ئەو یاسایەوە ژمارەی گەنجانی بێکار زیاتر دەبێت.

زیاتر لە 10 ساڵە سندووقەکانی خانەنشینیی ئێران تووشی قەیرانی قووڵ بوون و حکومەتی ئەو وڵاتەش بە بیانووی جۆراجۆری وەکوو پێدانی پشک و بەناوکردنی کارگە و تەنانەت زەوی قەرزی سەندووقەکان ناداتەوە و ئێستا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ناهاوسەنگیی سندووقەکان تەمەنی خانەنشینیی زیاد کردووە. پسپۆڕانی ئابوورییش پێیان وایە، ئەوە نەک قەیرانی سندووقەکانی خانەنشینی چارەسەر ناکات، بگرە پەرە بە گرفتەکانی کۆمەڵگە دەدات.