رۆژنامەیەک: ئەمەریکا "بە نهێنی" ئێرانی لەبارەی هێرشەکەی سەر شاری کرمان ئاگادار کردبووەوە

دیمەنێکی دوای هێرشەکەی شاری کرمان
دیمەنێکی دوای هێرشەکەی شاری کرمان

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی دەڵێت، بەرپرسانی واشنتن "بەنهێنی" دەسەڵاتدارانی تارانیان لە ئەگەری هێرشی داعش بۆ سەر شاری کرمان ئاگادارکردبووەوە. ئێرانیش ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لەسەر زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، پێش هێرشەکەی داعش بۆ سەر شاری کرمانی ئێران؛ "بەرپرسانی واشنتن بە نهێنی دەسەڵاتدارانی تارانیان لە ئەگەری ئەو هێرشە ئاگادار کردبووەوە".

ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا بە رۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەو کارە لەسەر بنەمای سیاسەتی ''هۆشداری پێدان''ی وڵاتەکەیان کراوە و هەفتەیەک پێش هێرشی داعش بۆ سەر بەشداربووانی ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سلێمانی، بەرپرسانی ئێرانیان لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی لەناو وڵاتەکەیاندا ئاگادار کردوونەتەوە.

هاوکات بەرپرسانی ئەمنیی ئێران ڕەتیانکردووەتەوە کە پەیامی ئەمنییەتیی ئەمەریکایان لەوبارەیەوە بەدەست گەیشتبێت و بە ئاژانسی ئیرنای وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە، پەیامەکانی ئەمەریکا لە دوای شەڕی غەززەوە پەیوەندییان بە پاراستنی هێزەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بووە.

پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە نزیک مەزارگەی قاسم سولەیمانی، لە شاری کرمانی ئێران روویاندا. دواتر داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. بەهۆی هێرشەکەوە، 91 کەس کوژران و 277 کەسیش بریندار بوون.