بێکاری بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانەکانی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بێکاری بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانەکانی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بێکاری بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانەکانی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

K24 - هەولێر

ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوانی ئێراندا نزیکەی سێ ئەوەندەی بێکاریی گشتییە. هاووڵاتیان دەڵێن جیا لەوەی هەلی کار بۆ لاوان لەبەردەست نییە، ئاسایشی کاریش دەستەبەر نەکراوە و تەنانەت ئەو کەسانەش کاریان هەیە، هیچ گەرەنتییەکیان بۆ بەردەوامبوونی کارەکەیان نییە.

بێکاری بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانەکانی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە کاتێکدا کە ڕێژەی بێکاری لە سەرانسەری ئەم وڵاتە سەدا 7.6ـە، بێکاری لە نێو لاوانی 15 تا 24 ساڵ گەیشتووەتە سەدا 21 و بە گشتی زیاتر لە 523 هەزار لاوی ئێرانی کە بە شوێن کاردا دەگەڕێن یان خوازیاری کارن، بێکارن و کاریان دەست ناکەوێت.

هەر بە پێی ئەم ئامارانە لە کاتێکدا کە ڕێژەی گشتیی بێکاری، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمبووەتەوە، بێکاری لە نێوان لاواندا، سەدا 2 زیادیکردووە. سەرەڕای ئەم دۆخەش هاووڵاتییان دەڵێن، تەنانەت ئەو کەسانەی کاریشیان هەیە، لە ئاسایشی کار بێبەشن و هیج گەرەنتییەکیان بۆ بەردەوامبوونی کارەکەیان نییە.

لە کاتێکدا زیاتر لە 64 ملیۆن و شەشەد هەزار هاووڵاتیی ئێران تەمەنیان لە سەرووی 15 ساڵەوەیە، ئامارە فەرمییەکان تەنیا 26 ملیۆن و هەشسەد هەزار کەس وەک هێزی چالاک لە بازاری کار دێننە ئەژمار.

هێزی چالاکی بازاڕی کار ئەو کەسانەن یان کاریان هەیە و یان بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن. بەم شێوەیەش تەنیا دوو ملیۆن و 43 هەزار کەس لە لایەن ناوەندی ئامارەوە وەک بێکار دێنە ئەژمار و 38 ملیۆن کەس لەو هاووڵاتیانەی کار ناکەن و تەمەنیان لە سەرووی 15 ساڵەوەیە لە ڕیزی بێکاراندا ئەژمار نەکراون.