وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئیسلام ئاباد

K24 – هەولێر

میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوت.

ئاژانسی "ئێرنا"ـی ئێرانی رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2024، حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوت.

بە گوتەی ئاژانسەکە، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ پرسی ئەمنی، ئابووری و بازرگانی دوولایەنی تەوەرەکان دەبێت کە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە درێژایی ئەم سەردانە لەگەڵ لایەنی پاکستانی ئەنجامی دەدات.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەش کە هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوەی ئێران و پاکستانەوە سەبارەت بە رێککەوتنیان بۆ گەڕاندنەوەی باڵیۆزی دوو وڵات دەرکرا جێبەجێکرا.

رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2024، ئاژانسی فەرمی ئێرانی راگەیاند، کە ئێران بنکەیەکی سەر بە رێکخراوێکی تیرۆریستیان لە پاکستان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کردۆتە ئامانج و بنکەکەیان لەناو بردووە.

لای خۆیەوەش مومتاز زەهرا بەلوچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستانەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "پاکستان بە توندی ئیدانەی پێشێلکردنی ناڕەوای ئێران دەکات بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو منداڵی بێتاوان و برینداربوونی سێ کچ".

دوابەدوای ئەوە، رۆژی 18ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، هێرشی موشەکیان کردووەتە سەر مۆڵگە و حەشارگەکانی تیرۆریستانی"سەرمەچار" لە ناوچەی سیستان و بەلوچستانی ئێران، هێرشەکان لە سەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگرییەوە ئەنجامدراون، بەهۆی ئەوەی گرووپی سەرمەچار لە خاکی ئێران بنکە و بارەگایان هەیە و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی پاکستان، لە ئەنجامدا حەوت کەس گیانی کوژران.