کۆمارییەکان داوا دەکەن بایدن وەڵامێکی توندی هێرشەکەی ئوردن بداتەوە

دیمەنی دوای بۆردوومانکردنی بنکەیەکی ئەمەریکا (وێنەکە ئەرشیفە و تەنها بۆ روونکردنەوە دانراوە)
دیمەنی دوای بۆردوومانکردنی بنکەیەکی ئەمەریکا (وێنەکە ئەرشیفە و تەنها بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر

 لە ناوخۆی ئەمەریکا کاردانەوەی ئەو هێرشەی کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی لە ئوردن بەردەوامە. کۆمارییەکان پێیانوایە سیاسەتی نەرمی ئیدارەی بایدن وایکردووە ئێران ترسی لە ئەمەریکا نەبێت.  بەرپرسانی ئیدارەی بایدنیش دەڵێن، هێرشی گرووپەکانی ملیشیاکانی سەر بە ئێران بێ وەڵام نابێت.

ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەیەکی سەربازیی لە ئوردن، کە بەهۆیە سێ سەرباز کوژران و زیاتر لە 40 سەربازی دیکەش برینداربوون، بووەتە پرسێکی گەرمی نێو کۆنگرێسی ئەو وڵاتە. کۆمارییەکان تووڕەن و دەڵێن، دەبێت هێرش بکرێتە سەر ئێران، بەڵام دیموکراتەکانیش لەگەڵ فراوانبوونی شەڕدا نین.

مارسی کاپتوور، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت، "بەڕاستی ئەمە جێگەی نیگەرانییەکی زۆری منە. لەم جیهانەدا تیرۆرزم شایەنی لێبووردەیی نییە. ئێمە لە رابردوودا لەم وڵاتە ئازاری زۆرمان چەشتووە. دەبینین کەشتییەکان هێرشیان دەکرێتە سەر، تەنانەت کەشتییە بازرگانییەکانیش لەلایەن حووسییەکان و ئەو خەڵکانەی لەسەر دەریا راوەڕووت دەکەن پەلامار دەدرێن، بۆیە من بەڕاستی نیگەرانم لەبارەی تیرۆرزم."

کۆمارییەکان رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرن، کە سیاسەتی نەرمی وەزارەتی دەرەوە وایکردووە گرووپە ملیشیاکانی سەر بە ئێران پەلاماری هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بدەن. ئەوان پێیان وایە ئێران تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات.

جۆ بووکینۆ، گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم رایگەیاند، "پێموایە ئەم ئیدارەیە لە بارودۆخەکە تێ ناگات. ئەو بارودۆخەی کە ئێران لە  هێز و  توانا تێدەگات. ئێران دەستهەڵناگرێت تاوەکو لێی نەدرێت، تاوەکو هەست بە ئێش نەکات. ئێستا ئێمە هیچ شتێک ناکەین کە وای لێ بکەین هەست بە ئازار بکات."

هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن دەڵێن، هێرشی سەر هێزەکانیان بێ وەڵام نابێت و پەنجەی تۆمەتیش بۆ ئێران درێژ دەکەن، کە لە پشت گرووپە ملیشیاکانەوەیە؛ بەڵام بە وریاییەوە باس لە هێرشی پێچەوانە دەکەن.

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کرد، "من نامەوێت باس لە پێشبینییەکان بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەکان بکەم. ئێمە بەدڵنیاییەوە ئێران بە بەرپرسیار دەزانین لە کاتێکدا ئەوان پاڵپشتی لەو گرووپانە دەکەن، ئەو گرووپانەی کە بەردەوامن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانمان جا لە ئوردن، عێراق یان سووریا بن. بێ گومان ئێمە ئێران بە بەرپرسیار دەزانین چونکە ئێمە دەزانین ئێران ئەو ملیشیایانە پارەدار دەکات و مەشقیان پێ دەکات و پاڵپشتی و پڕچەکیان دەکات لە عێراق و سووریا."

بەگوێرەی زانیارییەکانی پێنتاگۆن لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا 165 هێرش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، 66یان لە عێراق و 99یان لە سووریا ئەنجامدراون و لەوماوەیدا زیاتر لە 120 سەربازیان برینداربوون.

ئەمەریکا زۆر بەڕوونی دەڵێت، هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن گرووپە ملیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، و ئێرانیش بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام نایانەوێت جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراونتر بێت، ئەگەرچی هەرکاتێک هەڕەشە بکەوێتە سەر هێزەکانیان لە کات و شوێنێک کە خۆیان هەڵیدەبژێرن وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.