عه‌لی عه‌لاق: سزادانی ژماره‌یه‌ك بانكی عێراقی به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونییانه‌وه‌یه‌‌ به‌ داواكارییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق
عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق

K24 – هەولێر:

پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، سزادانی ژماره‌یه‌ك بانك و كۆمپانیای عێراق و ده‌ستڕانه‌گه‌یشتنیان به‌ دۆلار، هۆكاره‌كه‌ی پابه‌ندنه‌بوونییانه‌ به‌ داواكارییه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ها ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بڕیارى سزادانى ژمارەیەک بانکى دیکەى عێراقى دەرکردبێت.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 31ـی كانوونی دووه‌می 2024) عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق رایگەیاند: جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان دانانی بانکێک لە لیستی سزاکان لەلایەن نووسینگه‌ی چاودێریكردنی سەروەت و سامانی دەرەکی (OFAC) و راگرتنی بانکێک لە مامەڵەکردن بە دۆلار، کە ئه‌مه‌یان نه‌ك هه‌ر سزا نییه‌، به‌ڵكو پاڵنه‌ر و هاندانێكه‌ بۆ پابه‌ندبوون به‌ مه‌رجه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و  بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بانکە عێراقییه‌کان دەتوانن هەڵوێست و پابەندبوونەکانیان راست بکەنەوە کە پێویستە بۆ چوونە ناو مامەڵە دەرەکیەکانیان بە شێوەیەک بێت کە سەلامەتی سیستەمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە مەترسییەکان بپارێزێت و مسۆگەریان بکات.

عەلى عەلاق رەتیکردەوە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بڕیارى سزادانى ژمارەیەک بانکى دیکەى عێراقى دەرکردبێت، به‌ڵكو ئەوەی لەم دواییانەدا دەرچووە تەنیا پەیوەندی بە بانکی هودا و و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیەوە هه‌یه‌.

ناوبراو روونیشیكرده‌وزه‌، بانكی ناوه‌ندیی له‌ كاره‌كانی به‌رده‌وام له پرۆسه‌ تایبه‌ته‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بێت به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌ بانكه‌كان به‌هۆی پابه‌ندبوونیان به‌ رێنماییه‌ گشتییه‌كانی تایبه‌ت به‌ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و پاره‌داركردنی تیرۆر له‌ پشتگیرییه‌كانی خۆی بێبه‌ش ده‌كات.

به‌گوته‌ی عه‌لی عه‌لاق، لیژنەی غەرامە و سزا هەیە کە هەفتانە دەیان بڕیار دەردەکات سه‌باره‌ت به‌ سزادانی بانك و كۆمپانیاكان. هه‌روه‌ها گوتی، بانكه‌كان و كۆمپانیاكان پێویستە یاساکانی پابەندبوون و ستانداردە نێودەوڵەتییە دروستەکان جێبەجێ بکەن.

رۆژی ‌(29ـی كانوونی دووه‌می 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بانکی هودای عێراقی تێوەگلاوە لە پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران و پەیوەندییەکانی ئەو بانکە لە سیستمی دارایی وڵاتەکەی دەپچڕێنێت.

هەروەها رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرمانگەی چاودێریكردنی سەروەت و سامانی ده‌ره‌كی (OFAC)، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای بەغداد سەپاند و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیایەی راگرت.