له‌ سنووری ئامێدی شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە درووستبوو

K24 - دهۆك:

لە سنووری ئامێدی شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە درووستبوو و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە گوندی سەرگەل و سگێری سەر بە شارۆچکەی ئامێدی، شەڕ لە نێوان سووپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دروستبووە و گوللـه‌ بەر ماڵی گوندنشینان کەتووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکراشیکردووە، بەهۆی شەڕەکەوە خەڵكی گوندی سەرگەل و سگێر گیریانخواردووە و ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی 2023، 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.