پەروەردەی سۆران: سبەی لە ناوەندەکانی خوێندن پشووە

پشوو
پشوو

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند لەپێناو سەلامەتی گیانی پەروەردەکاران، فەرمانبەران و قوتابییان، سبەی دووشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشووە.

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران رایگەیاندووە، دوای راوێژ لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ سەلامەتی گیانی پەروەردەکاران، فەرمانبەران و قوتابییان، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی شەختە بەتایبەت لە بەشێکی سنوورەکەمان، بڕیارماندا بە پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکانی (حکومی و ناحکومی) و پەیمانگەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بۆ سبەی دووشەممە.

پێشتریش سەرپەرشییاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاندبوو، سەرجەم قایمقامییەتەکانی سنووری ئیدارەی سۆرانی راسپاردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران سەرپشک بن لە بڕیاردان بۆ راگەیاندنی پشوو لە قوتابخانەکان بۆ سبەی دووشەممە.

دوای ئەوەی شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخەوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە چەندین ناوچەی سنووری ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان دروستبوو، تیمەکانی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لە سەرجەم ناوچەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکانن بۆ ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران.