هەڵەیەکی نوێی بایدن لە میدیاکان دەنگدەداتەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان، جارێکی دیکە لە یەکێک لە گوتارەکانی تووشی هەڵەکردن و تێکەڵکردنی قسەکانی دەبێت، ئەمەش بەهۆی دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دەنگدانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە.

جۆ بایدنی تەمەن 81 ساڵی سەرۆکی ئەمەریکا، لە یەکێک لە گوتارەکانی لە بەردەم جەماوەر لە لاس ڤێگاس، باس لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە ساڵی 2021 دەکات و دەڵێت، لەوێ دەمەتەقێی لەگەڵ فرانسۆ میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کردووە.

ئەو گوتارەی بایدن لەنێوخۆ و لەسەر ئاستی جیهان تەقیوەتەوە و بووەتە مایەی گاڵتەپێکردن، چونکە میترانی سەرۆکی فەرەنسا لە ساڵی 1996 کۆچی دوایی کردووە، کەچی بایدن دەڵێت، لە 2021 بینیویەتی و کۆبوونەتەوە.

دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی.

جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتنی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.

بڕیارەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت و تائێستا هەریەکە لە جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک کەسایەتی دیکەی ئەمەریکا خۆیان کاندیدکردووە.