ئێزدییەکان ئامادەکاری بۆ جەژنی خدر ئلیاس دەکەن

ئامادەکاری بۆ جەژنی خدر ئلیاس
ئامادەکاری بۆ جەژنی خدر ئلیاس

K24 - باعەدرێ:

هاووڵاتییانی ئێزدی ئامادەکاری بۆ جەژنی خدر ئلیاس دەکەن و خواردنی تایبەتی قەلاتکا بۆ خۆیان و میوانەکانیان دروست دەکەن، ئەو خواردنە تایبەتە بەم جەژنە و پێکهاتەکەی لە گەنم، جۆ، نۆک و گولەبەڕۆژە پێکهاتووە، خێزانەکان بە نزیکبوونەوەی جەژنەکە بڕێکی زۆر لەو دانەوێڵانە سوور دەکەنەوە و وەک نەریتێکی کۆن بەسەر دراوسێ و کەسە نزیکەکانیان دابەشی دەکەن.

دایێ ترکۆ لەبەردەم سێڵ و ئاگردانەکەی دانیشتووە سنی چەند جۆرە دانەوێڵەیەکی بە جیا لە دەوربەری خۆی کۆکردووەتەوە و سووریان دەکاتەوە و دەڵێ حەفت تامم کۆکردووەتەوە و بەشێوازی کۆن ئامادەی دەکەم باشترە لە کوڵاندن لە ئاگری غاز.

دایێ ترکۆ دەڵێت: "پاقلە، نۆک، گەنم، جۆ و گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامیم کوڵاندووە و لە ئاش و دەیکەینە پێخۆر، خۆشمان لێی دەخۆین و بەخێر دابەشیشی دەکەین، هەموو ساڵێک لە هاوینەوە ئامادەکاریی خۆمان دەکەین بۆ کۆکردنەوەی دانەوێڵەکان و حەوت تام و چێژ هەڵدەگرین بۆ ئەمڕۆ کە جەژنی خدر ئیلیاسە، دابونەریتی باب و باپیرانمان فەرامۆش ناکەین".

هاووڵاتییانی ئێزدی لە حەوشەی ماڵەکانیان لەسەر شێواز و نەریتی کۆن لە سەر ئاگری دار دانەوێڵەکانیان بۆ جەژنی خدر ئلیاس ئامادەدەکەن، ئەمەش بووەتە نەریتێکی ساڵانە و کۆمەڵگەی ئێزدی بەمجۆرە ئامادەکارییەکانیان دەکەن، لێکۆڵەرێکی ئایینی ئێزدیی دەڵێت؛ لەم جەژنە بۆ جووتیاران دەردەکەوێت ئەم ساڵە بەخێرە یان نا.

حوسێن باعەدری، لێکۆڵەری ئایینی باسی لەوەکرد: "خدر ئلیاس یەكێکە لە پیاوچاکانی ئایینی ئێزدییەکان و لەم رۆژانەی جەژنەکەدا یادکردنەوە و رێوڕەسمێکی تایبەتی هەیە، لەوانە سێ رۆژ بەرۆژوو دەبین، رۆژووەکان خێریان زۆرە، لەو سێ رۆژەدا حەوت جۆرە دانەوێڵە دەکوڵێنرێن و دەکرێنە پێخۆرە، بەشێک لەو پێخۆرە دەبرێتە سەر زەوییە کشتووکاڵییەکان بۆ ئەوەی پیت و بەرەکەتی خدر ئلیاس بەروبوومەکان بگرێتەوە و لە کۆتایی دروێنە و کۆکردنەوەی بەرهەم و بەرووبوومەکان دەردەکەوێت کشتوکاڵکردنی ئەو ساڵە بەخێر و بەرەکەت بووە یان نا".

لە بیروباوەڕی کۆمەڵگە و پەیڕەوانی ئایینی ئێزدیدا، جەژنی خدر ئلیاس پەیوەستە بە کاری کشتوکاڵییەوە هەیە و بە مرازی ئەوەی بەرهەمی هەموو ساڵێکیان پڕ خێر و بەرەکەت بێت، ئەو دانەوێڵانە دەکوڵێنن و بۆ گێڕانی جەژنەکە ئامادەی دەکەن، چونکە دانەوێڵەکان بەرهەمی سەرەکی هەموو ساڵێکیانە.