دەزگای خێرخوازی بارزانی نەوت بەسەر زیاتر لە هەزار خێزانی کەمدەرامەتدا دابەش دەکات

دەزگای خێرخوازی بارزانی
دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هەولێر

نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سۆران رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا دەستمانکردووە بە دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەر زیاتر لە هەزار خێزانی کەمدەرامەت لە سۆران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی شوباتی 2024، نێچیروان عەبدولواحید، نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سۆران، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوو لە سنووری شارۆچکەی چۆمان ئەم هەڵمەتەمان راگەیاند کە خۆی دەبینێتەوە لە  دابینکردنی سووتەمەنی لەناوچە شاخاوییەکان و  دورەدەستەکان.

ئەو نوێنەرە گوتیشی: "لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی ئەمڕۆمان دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ناوەندی سۆرانە، کە 1100 خانەوادە لەم هەڵمەتەی دابەشکردنی نەوتە سوودمەند دەبن، ئەویش بە هاوکاری لایەنی حکومی و قایمقامییەتەکانی ناوچەکان بەڕێوەدەچن".

راشیگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی کە دابەشی دەکەین بەسەر هاووڵاتییاندا پشت دەبەستین بەو لیستەی کە لەلایەن حکومەت و قایمقامیەت و یەکە ئیدارییەکان بە ئێمە دراوە. ئێمەش لای خۆمانەوە وەکو دەزگای خێرخوازی بارزانی رادەستی هاووڵاتییانی دەڤەرەکەی دەکەین.