محەممەد ئیلخانی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پێکهاتەکان نادەستوورییە

محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی
محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی

K24 – هەولێر:

پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانن لە بریارەکەی دادگای فیدراڵی و رایدەگەیەنن، ئەو بڕیارە سیاسییە و پێچەوانەی دەستوورە، شارەزایەکی یاسایی و دەستووریش دەڵێت: بریارەکەی دادگا پێچەوانەی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە بەپێی بڕیاری دادگا بێت، دەبێت کورسی کۆتاش لە پەرلەمانی  عێراق ھەڵوەشێتەوە.

پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان خوازیاربوون دادگا بریار لەسەر هێشتنەوەی پێنج کورسی پێکھاتەی تورکمان و کورسییەکی ئەرمەنەکان بدات، بەڵام ھەڵوەشاندنەوەی ھەر 11 کورسی پێکھاتەکان شۆکی کردن و ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستکردن.

محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی رازی نین، چونکە بڕیارێکی سیاسییە و زۆر نەرێنییە، دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ خۆی پێچەوانەی دەستوور بڕیاری دەرکرد".

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، گوتی: "داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکات بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ نوێنەرانی تورکمان و ئەرمەنەکان نەبێت".

دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111 کورسییەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.

ئەوە لەکاتێکدایە دەستبردن بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کاری دادگای فیدراڵی نییە، ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە نۆ کورسی بۆ پێکھاتەکان دیاریکردووە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاراس عەبدوڵڵا، شارەزای یاسایی، بە کوردستان24ـی گوت: لە دەستووری عێراقیدا هیچ ماددەیەک نییە باسی کورسی کۆتا بکات لە هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەوەی ئێستا کە روویداوە پێچەوانەی ماددەی 9ـی هەموارکراوی یاسای هەڵبژاردنی عێراقی ساڵی 2023ـە.

گوتیشی: کورسی کۆتا لە هەرێمی کوردستان نەماوە کەواتە دەبێت لە ئایندەدا کورسی کۆتا بۆ عێراقیش نەمێنێت.