ئەمه‌ریکا پاڵپشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەكات

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

ئەمه‌ریکا پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە زووترین کات دووپات دەکاتەوە.

ماتیو میللەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، پشتیوانی دەکەن لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات ئەنجام بدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا ئاشکراشی دەکات، واشنتن ئاگاداری بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵییە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پێداچوونەوە بە وردەکاری بڕیارەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمه‌ریکا ئامادەیە بەرگری لە هێزەکان و بەرژوەندییەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی راپرسی و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1. دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

2. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.

3. دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.