ئەو کەسەی کە چیپی ئەلکترۆنییان خستە ناو دەماغی ئێستا دەتوانێت بە مێشکی ماوسێکی کۆمپیوتەر کۆنتڕۆڵ بکات

بەپێی وتەی ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیایی Neuralink ، یەکەم نەخۆش کە لەلایەن کۆمپانیاکەمانەوە چیپی خرایە ناو دەماغی چاکبوویەوە و دەتوانێت بە بەکارهێنانی مێشک و بیرکردنەوەکانی ماوسێکی کۆمپیوتەر کۆنترۆڵ بکات

مەسک لە درەنگانی رۆژی دووشەممە لە سپەیسی پلاتفۆرمی X ئاماژەی بەوە کردووە "پرۆسەکە باش دەڕوات و پێدەچێت نەخۆشەکە بە تەواوی چاکبووبێتەوە، هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی لە نەخۆشەکەدا دەرنەکەوتووە و نەخۆشەکە دەتوانێت تەنیا بە بیرکردنەوە ماوسێکی کۆمپیوتەر بە دەوری شاشەیەکدا بجوڵێنێت"

کۆمپانیاکە مانگی رابردوو لە پۆستێکی سۆشیالمیدیا دەڵێت "کۆمپانیایەکەمان توانی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ چیپێکی ئەلکترۆنی لەناو دەماغی یەکەم نەخۆش چێندرا"

هەرچەندە کۆمپانیایەکە ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو کە هەرکەسێک تووشی ئیفلیجبوون بووە دەتوانێت بەشداربێت لە تاقیکردنەوەکەمان بەڵام تا ئێستا ناسنامەی یەکەم نەخۆش ئاشکرا نەکراوە

لوقمان حەوێز، ئەندازیار و فیزیاناس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی " ئەو کۆمپیوتەرە بچوکەی مێشک پاتریەکی زۆر بچوکی تێدایە کە بەبێ وایەر شەحن دەکرێتەوە بەئاسانی، ئەم کارە دەیسەلمێنێت کە کارەکانی مێشک و هەموو هەستەکانمان بریتین لە ترپەی کارەبایی وکارلێکی کیمیایی"

چیپی ئەلکترۆنی واتە "خەریتەیەکی دەستکرد"یان خستە ناو دەماغی مرۆڤێک کە دەستەکانی لەدەستداوە، ئەو چیپە لەگەڵ دەمارەکانی ناو دەماغی ئەو مرۆڤە کار دەکات، هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی خانە دەمارییەکانی بەکاربهێنێت بۆ جووڵە و ئەنجامدانی چەند کارێک کەوا پێشتر نەیتوانیوە بیکات، ئیلۆن مەسک کە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە دەڵێت "یەکەم بەرهەمی نیرۆلینک پێی دەوترێت "تێلێ پاثی" لە رێگەیەوە بەکارهێنەر دەتوانێت تەنیا بە بیرکردنەوەی مێشکی مۆبایل یان لاپتۆپ کار پێبکات، پێویستی بە دەستەکانی ناکات" مەسک نموونەیەک دەهێنێتەوە دەڵێت "بیهێننە پێشچاوتان زانا ستێفن هۆکینگ بەو چیپە بتوانێت خێراتر قسە بکات نەک لە رێگەی کۆمپیوتەرێکی خاو کارەکانی بکات"

یەکێك لە ئامانجەکانی ئەو نەشتەرگەرییە بۆ ئەو کەسانەیە کەوا ئەندامێکی جەستەیان مردووە، نموونە کەسێک دەستێكی لەکار کەوتبێت بەهۆی دەمارێکەوە، ئەو چیپە ئەو دەمارە بە کار بخاتەوە و کەسەکە بتوانێت دەستی بەکاربهێنێتەوە، هەرچەندە ئەمە یەکەم نەشتەرگەرییە لەسەر مرۆڤ ئەنجام بدرێت بەڵام پێشتر کۆمپانیای نیرۆ لینک ئەو تاقیکردنەوەی لەسەر چەند ئاژەڵێک ئەنجام داوە و تێیدا سەرکەوتوو بووە.

نیرۆلینک یەکەم کۆمپانیایە لە مێژووی جیهان بتوانێت رێگەپێدان بۆ کارێکی لەو شێوەیە لە حکومەتەکان وەرگرێت، چونکە دانانی چیپی ئەلکترۆنی لەناو دەماغی مرۆڤ کارێکی ئاسان نییە پێشتر قەدەغەبووە، ئێستا ئەو چیپەی ناو دەماغی ئەو مرۆڤە کارەیە، دەتوانێت لەرێگەی سیگناڵی وایفای و بلووتس پەیوەندی لەگەڵ ئامێرەکان ببەستێت و دەمارەکانی ناو دەماغی ئەو مرۆڤەش بەکاربخات