رووسیا چوار هەرێمی ئۆکرانیای بە خاکەکەیەوە لکاندووە و وڵاتانی ئەوروپاش داوای ئازادکردنیان دەکەن

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ سەرۆکانی هەر چوار هەرێمەکە (وێنە: AP)
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ سەرۆکانی هەر چوار هەرێمەکە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

رۆژی 30ی ئەیلولی ساڵی 2022 رووسیا بە فەرمی چوار هەرێمی ئۆکرانیای وەک بەشێک لە خاکی رووسیا راگەیاند. ئۆکرانیا و رۆژئاوا و ئەمەریکاش، بڕیاری لکاندنی ئەو هەرێمانە بە "نایاسایی" دەزانن.

هەرچەندە سەرۆکی رووسیا و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە، بەردەوام رەتیدەکەنەوە خواستی داگیرکردنی ئۆکرانیایان هەبێت، کەچی لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 23ی ئەلولی 2022، رووسیا بە فەرمی هەر یەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆنی وەک بەشێک لە خاکی رووسیا لە 30ی ئەیلوول ناساند.

ئەم چوار هەرێمە لەسەدا 15ی خاکی ئۆکرانیا پێکدەهێنن. رووسیا دەڵێت، ئەو ناوچانە لە بنەڕەتە دانیشتووانەکەی رووسین و زمانی دایکیان رووسییە، بۆیە لە دەست رژێمی کیێڤ ئازادی کردوون.

بە گوێرەی دەسەڵاتدارەکانی رووسیا، ئۆکرانیا مافی قسەکردن و خوێندنی بە زمانی دایک لە دانیشتووانی ئەو چوار هەرێمە قەدەغە کردووە و بە چەندین شێواز چەوساندوونییەتەوە.

لە بەرانبەردا، ئۆکرانیا رووسیا بە داگیرکردنی خاکەکەی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، پێویستە تەواوی سوپای رووسیا لە نێو خاکی ئۆکرانیا و ئەو چوار هەرێمە بکشێنەوە.

 فەرمانی لکاندنی ئەو چوار هەرێمە و ئەنجامی ریفراندۆمیش بە نایاسایی دەزانێت. ئەمە جگە لەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بە توندی سەرکۆنەی لکاندنی ئەو هەرێمانە بە خاکی رووسیا دەکەن.

رووسیا هەر لە دوای لکاندنی ئەو هەرێمانە، راستەوخۆ مامەڵەکردنی بە دراوی ئۆکرانی قەدەغەکردن و هاووڵاتییانی ناچارکرد بە دراوی روبڵی رووسی مامەڵە بکەن.

ئەمە جگە لەوەی، ئەو کەسانەی هەڵگری پاسپۆرتی ئۆکرانین ناتوانن کاریان دەستبکەوێت و مافی خانەنشین بوونیان نییە. بەبێ رەگەزنامەی رووسی، ناتوانن خانوو و موڵک بکڕن، یاخود ببنە خاوەنی سیمکارد و لە بانکەکانیش کارەکانیان رایی ناکرێت.