فوئاد حوسێن بۆ كوردستان24: هیچ دۆخێکی مەترسیدار لەسەر عێراق نییە

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، گفتوگۆی لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمه‌ریکا بەردەوامن و لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانە بڕیار لەسەر پەیوەندییەکان دەدەین.

فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هیچ دۆخێکی مەترسیدار لەسەر عێراق نییە و رەنگە گەڕێکی دیكه‌ی گفتوگۆکانی هەردوولا (واشنتن و به‌غدا) لە واشنتن بێت.

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لە بەردەوامی گفتوگۆکان لە رێگەی لێژنەی باڵای هاوبەشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کردەوە.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) پێشتر رایگه‌یاندبوو، هیچ داواكارییه‌كی فه‌رمیمان له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان پێنه‌گه‌یشتووه‌.

ئه‌و لایه‌نانه‌ی داوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كه‌ن؛ هه‌مان ئه‌و حزبانه‌ن كه‌ دوای ساڵی 2003 خۆیان له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌مه‌ریكا چوونه‌ ده‌سه‌ڵات.