سۆما قاسم بۆ كوردستان24: کاری هونەری سەختە و ئاسان نییە ئافرەتیش سەختتر رووبەڕووی ئەو دژوارییە دەبێتەوە

K24 – هەولێر:

ئەکتەر و شانۆکار سۆما قاسم، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لەکاری هونەری و باسی سەختییەکانی هونەری شانۆ و سینەما دەکات.

باسێکی ئەزموونی خۆت لەکاری هونەری بکە؟

من وەکو ئەكتەر بەشداریم لە پێنچ كاری شانۆییدا كردووە،  جگە لە كاری نواندن بەشداری كاری دۆبلاژم كردووە، هەروەها بەشداریم لە چەند پێرفەرمانسێكدا كردووە لەسەر شەقامەكانی سلێمانی بۆ دەربڕینی ماف ‌و ئازادییەكانی ژنان.

لە دوای تەواوكردنی ماوەی خوێندنم لە پەیمانگا بۆ ماوەیەك لە كاری نواندن وەستاوم تا ساڵی 2011، پاشان دەستم بەكاری نواندن كردووه‌تەوە و یەكەم كارم لەگەڵ كۆڕی شانۆیی (با) بووە  لە شانۆیی (چاوئەكەیتەوە لە مەجەستە سەحرایا رۆح ) ‌و لە ساڵی 2014 بەشداری شانۆیی (وشكە ساڵی و درۆ)م  كردووە، هەروەها لەشانۆیی هامیلێت و لە ساڵی 2016 لە شانۆیی ( خواحافیز تا نازانم كەی) بەشداربووم.

 دوای ئەوەی بۆ یەكەم جار بەشی فیلمسازی لە كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سلێمانی كرایەوە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی خاوەن ئەزموون چانسی ئەوەیان هەبوو ببنە قوتابی ئەو بەشە و بەشێوەیەكی ئەكادیمی درێژە بە خوێندنی هونەری سینەما بدەن، منیش یەكێك بووم لەو هونەرمەندانە. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی كۆلێژدا وەك ئاكتەر بەشداریم لە دوو كورتە فیلمدا كردووە وەکو كورتە فیلمی (دوورگەی مرواری) لە دەرهێنانی (دانا كریم) كە باسی لە رۆڵی شەرڤانانی خۆرئاوای كوردستان كردووە. فیلمی (تاهەیت بێدەنگ بە) لە دەرهێنانی ئاوات عوسمان، ئەو دوو كورتە فیلمە لە چەندین فێستیڤاڵی دەرەوەی كوردستان و فێستیڤاڵە ناوخۆییەكاندا بەشدار بووە و چەندین خەڵاتیان وەرگرتووە.

سینەما یان شانۆ؟

من پێش ئەوەی سینەما تەواو بكەم، پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەشی شانۆم تەواو كردووە، لەم ساڵانەی دواییدا چومەتە سینەما و خوێندوومە، ئەویش هەر بەهەمان شێوە بەشی نواندنم خوێندووە، تا ئێستا بۆ چەند درامایەك پێم گوتراوە، بەڵام حەزم بەهیچ شێوەیەك لە كاری دراما نەبووە، بەڵام بۆ فیلم ئەگەر پێم گوترابێت بەڵێ كردومە، ئێستاش گەر سیناریۆیەكی باش بێتە بەردەستم ‌و دەرهێنەرێكی بەتوانابێت بەخۆشحاڵیەوە من بەشدار دەبم و نواندنی بەردەمی كامێرام پێخۆشە، هەروەها بۆ شانۆش بەراستی من ئاشقی شانۆم، بەڵام سینەما و شانۆ  بۆ كاری نواندن هەردووكیانم خۆشدەوێت، بەڵام هەمیشە شانۆ بۆ من لەپێشترە وەك لە سینەما.

ئەکتەری باش لای تۆ کێیە؟

ئەکتەری باش لای من ئەو ئەکتەرەیە کە خاوەنی جەستە و دەنگێکی باش بێت، هەروەها خاوەنی مەعریفەیەکی باش بێت، باکگراندێکی باشی هەبێت لەڕووی نواندن و دونیابینینی بۆ ژیان، چونکە هەموو ئەوانە لەکارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، وە خوێنەرێکی باش بێت، شارەزایی لە شێوازەکانی کارکردن بێت، وە بتوانێت شانۆی وەقیع و کلاسیک پێشکەش بکات و جیاوازی درووست بکات، لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە کە چاوەڕێی دەستی دەرهێنەر نەکات و ئامادەباشی تەواوی هەبێت، بەوەی کە خەیاڵێکی فراوانی هەبێت بۆ درووستکردنی چیرۆک و بۆ ئەوەی رۆڵەی کە دەرهێنەرەکە داوای لێ دەکات بەوەی کە بتوانێت چۆن ئەو رۆڵە و بەباشترین شێوە و لەمایەکی کەمدا بتوانێت بەرجەستەی بکات.

شانۆ و سینەما بەرەوپێشچوونە لە ئێستادا؟

ئەو جۆرە باسکردنانە دەگەڕێتەوە سەر دەرهێنەر و ئەکتەرەکان، کە ئایا بە چی شێوازێک و فۆرمێک کارەکە پێشکەش دەکەن، بەڵێ بێگومان شانۆ پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. وە هەروەها سینەماش لەچاو ساڵانی پێشووتردا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە بەمدواییە چەندین فیلمی سینەمایی باش نمایش کرا، هەروەها کۆمەڵێک گەنجی لێهاتوو کە ئێستا لەو بوارەدا کار دەکەن توانیویانە هەم لەرووی پڕۆداکشنەوە هەم لەرووی ئەکتەرییەوە توانیویانە زۆر پڕۆفیشناڵانە کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.

چ سەختییەکت لەکاری هونەریدا بینیوە؟

بێگومان کاری هونەری سەختە و ئاسان نییە، ئافرەتیش سەختتر رووبەرووی ئەو دژوارییە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی دەبێت رەچاوی کۆمەڵێک شت بکات وەکو کۆمەڵگا و چواردەورەکەی و ئەو باروودۆخەی کە هەیەتی، من وەکو خۆم دەبێ باڵانسێک رابگرم بۆ ئەوەی هەم بتوانی کارە هونەرییەکەت ئەنجام بدەیت، هەم لایەنی تری کۆمەڵایەتی وەکو خێزان و منداڵ و دەورووبەرەکەت، دەبێت کارێک بێت زیانی بۆ ئەوان تێدا نەبێت و زیان لەلایەنی ژیان و ماددیت نەدات، لەهەمان کاتیشدا پێویستە کارێکی هونەری باش ئەنجام بدەیت.

ئەکتەر و شانۆکار سۆما قاسم ساڵی خەڵکی شاری سلێمانییە و ساڵی 2007 بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی تەواو كردووە، یەكەم ئەوموونی نواندنی دەگەڕێتەوە بۆساڵی 2003 لە شانۆیی (باڵندەی دەریای چیخۆف).

لە ماوەی خوێندنی لە پەیمانگادا بەشداری چەندین چالاكی هونەری كردووە لە ناو پەیمانگا و دەرەوەی پەیمانگا.