ئه‌حمه‌د سه‌فار: لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری دارایی عێراق هه‌وڵێكه‌ بۆ دروستكردنی ئاسته‌نگی له‌ به‌رده‌م بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی

ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق
ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێكی پێشووی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری دارایی عێراق سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنی ڤیزا كارت بۆ ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵێكه‌ بۆ دروستكردنی ئاسته‌نگییه‌كی نوێ له‌ به‌رده‌م بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 26ـی شوباتی 2024) ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق باش ده‌زانێت ئه‌سته‌مه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا ڤیزاكارت بۆ زیاتر له‌ ملیۆنێك و دوو سه‌د هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.

ئه‌حمه‌د سه‌فار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، حكومه‌تی عێراق ماوه‌ی شه‌ش حه‌وت ساڵه‌ سه‌رقاڵی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واو بكات و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی خۆی به‌ئه‌لیكترۆنی بكات.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری دارایی عێراق هه‌وڵێكه‌ بۆ دروستكردنی ئاسته‌نگییه‌كی نوێ له‌ به‌رده‌م بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی بۆ ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "وەزیری دارایی عێراق رایگه‌یاندووه‌، بۆ ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچە، مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن؛ بەڵام جەختی کردەوە، بۆ مانگی سێی داهاتوو بەبێ 'تەوتینی مووچە'، مووچە دابەش ناکەن. واتا پێویستە لە ئێستاوە تاوەکو کۆتایی مانگی سێ هەرێمی کوردستان پڕۆسەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکات بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێبکرێت و بە تەواوەتی بتوانێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دروست بکرێت".