رۆژنامەیەک خاڵی لاوازی تانکی 'لیۆپارد'ـی ئەڵمانی ئاشکرا دەکات

تانکی لیۆپارد
تانکی لیۆپارد

K24 - هەولێر

رۆژنامەی "سەدیچ زایتنج"ـی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات، هێزەکانی ئۆکرانیا زیاتر لە 20 تانکی "لیۆپارد1 و 2"ـی ئەڵمانییان لەدەستداوە، کە حەفتیان لە هێرشەکانی پێچەوانەدا لە زاپۆرۆژیا لەناو براوە.

رۆژنامە ئەڵمانییەکە نووسیویەتی، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا "نزیکەی 230 تانکی لیۆپارد 1 و 2یان وەرگرتووە، کە تەنیا 38 تانکیان لە لایەنی ئەڵمانیاوە بووە".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا لە هاویندا، زیاتر لە 20 تانکی لیۆپاردی 1 و 2، لەناوچوون یان جێهێڵراون، کە حەفتیان لە ناوچەی رابوتینۆ بووە.

رۆژنامەکە بۆچوونی فەرماندەیەکی ئۆکرانی ئاشکراکردووە لەسەر تانکی لیۆپارد 2-A6، کە دەڵێت: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا گەورەترین هەڕەشەن لەسەر ئەم تانکە شەڕکەرانە، هەروەها ئاماژەی بە خاڵی لاوازی ئەم تانکە کردووە، کە بۆشایی نێوان تاوەرەکە و هەیکەلی تانکەکەیە.

راشیگەیاند، تانکی ئەبرامزی ئەمەریکی لە لیۆپارد باشتر نەبووە، سوپای رووسیا لە ناوبردنی یەکەم ئەبرامز تۆمارکردووە لە شاری ئەڤدیڤکا کە لەژێر دەستی هێزەکانی ئۆکرانیا بوو دواتر کەوتە دەست هێزەکانی رووسیا.