پەرلەمانی عێراق زیاتر لە پێنج مانگە بێ سەرۆکە

K24 – هەولێر:

پارتی تەقەدوم رایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرکەوتەی هەڵبژاردن و سیاسی ئەوانە و سازشی لەسەر ناکەن، هاوپەیمانی نەسریش بۆ یەکلایییکردنەوەی ناکۆکییەکان دەستپێشخەرییەک دەخاتەڕوو.

لەبارەی هەڵوێستی سووننەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا بە زۆرینەی دەنگی لایەنەکان کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاریی بکرێت.

لەبارەی هەڵوێستی لایەنە شیعەکانیش، ئەحمەد وەندی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت: "نەبوونی سەرۆکێک بۆ دامەزراوەی یاسادانان زیانی گەورەترە لەوەی سەرۆکێک هەبێت خزمەت بە لایەنێکی پێکهاتەی سووننە بکات، بۆیە وەک هاپەیمانی نەسر لەگەڵ ئەوەدان دوو کاندید بۆ پۆستەکە هەڵبژێردرێت و ئەوەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و پۆستەکەی پیرۆز بێت".

بەبڕوای چاودێرانی سیاسیی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و پێناچێت وا بە ئاسانی بتوانن پۆستەکەی حەلبووسی پڕ بکەنەوە.

لەبری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، پۆستی وەزاری و پلەی تایبەت پێشنیازکراوە بدرێت بە پارتی تەقەدوم لەبەرامبەر سازشکردنیان لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییانە لەلایەن حەلبووسییەوە رەتکراوەتەوە.

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان لە کاتێکدایە جگە لە ناکۆکی نێوماڵی سووننەکان هاوکات لەنێو چوارچێوەی هەمانگیشدا ناکۆکی و دابەشبوون لەبارەی پشتیوانیی و دژایەتی حەلبووسی و پارتەکەی لە ئارادایە، بەشێك لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی هەموارکردنەوەی ماددەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانن، مەرجی هەموارکردنەوەی ماددەکەش بە کاندیدێکی پەسەندکراوی هێزە سوونییەکان دەبەستنەوە.