فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا هەوڵی داخستنی کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات

مایکڵ کۆرێلا
مایکڵ کۆرێلا

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) بڵاویکردووەتەوە، مایکڵ ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دۆخی ئاسایش و مرۆیی ناوچەکە و بەردەوامی کاری هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، سەردانی میسر، ئوردن، رۆژئاوای کوردستان و ئیسرائیلی کردووە.

فەرماندەییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، لە 27ـی مانگی شوباتی رابردوو، کۆرێلا چووەتە ناوچەی ‌عەریش و دەروازەی رەفەحی نێوان غەززە و میسر لەگەڵ نوێنەرانی چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناحکومی کۆبووەتەوە، دواتر سەردانی سوپای میسری لە ناوچەکە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا تاوتوێی چۆنیەتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی لە میسرەوە بۆ غەززە کردووە، لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە قاهیرە ئاماژەیان بە ئاستەنگ و ئاستی پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە.

سێنتکۆم راشیگەیاند، لە 28ـی شوبات، مایکڵ کۆرێلا سەردانی شانشینی ئوردنی کردووە و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئوردن، لیوا یوسف حنێتی و بەرپرس و کارمەندانی دەستەکە گفتوگۆی لە سەر پرسی بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لەگەڵ هێرشی چەکدارە حوسییەکان لە دەریای سوور و ئاسایشی ناوچەکە کردووە. هاوکات باسیان لە زیادکردنی هەوڵەکانی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردووە لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کارەساتە مرۆییەکان.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رۆژانی 28 و 29ـی شوبات، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن و سووریا سەردانی بنکە سەربازییەکانی سەر بە فەرماندەییەکەی کردووە، لە نێویاندا چۆوەتە بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن، کە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی عێراق بە درۆن کرایە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەیش برینداربوو.

کۆرێلا لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان لە بنکەکانی تەنەف، رمێلان سەردانی سەربازانی ئەمەریکی کردووە، هەروەها لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی لە فورات و گوندی خەزرا دەربارەی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و بەردەوامبوونی پارێزگاری لە هێزەکانی ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە، لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدەش جەختی لە بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەکانی شکستپێهێنانی رێکخراوی داعش کردووەتەوە.

هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان، کۆرێلا سەردانی ئاوارەکانی هەردوو کەمپی رۆژ و هۆلی کردووە، لەوێ لەگەڵ بەرپرسان و بەشێک لە ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکان لەسەر گەڕاندنەوەی داعشە دەستگیرکراوەکان و ئاوارەکان بۆ وڵاتەکانیان و زێدی خۆیان گفتوگۆی کردووە، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 45 هەزار ئاوارە لە هەردوو کەمپی رۆژ و هۆل هەن، لەگەڵ زیاتر لە نۆ هەزار ئەندامی دەستگیرکراوی داعش کە لە ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دان.

سێنتکۆم لە بارەی سەردانەی کۆرێلا بۆ ئیسرائیل ئاماژەیداوە، لە 28ـی شوبات تاوەکوو 2ـی ئەم مانگە، ئێریک کۆرێلا لەگەڵ وەزیری بەرگری، یوئاڤ گالانت و سوپاسالاری گشتی ئیسرائیل، هێرزی هێلیڤیی و بەرپرسانی دیکەی سوپای ئیسرائیل سێ تەوەری سەرەکیان لە بارەی مەترسیی و هەڕەشە ئەمنییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل تاوتوێکردووە، هاوکات لە گفتوگۆکاندا ئاماژە بە دۆخی مرۆیی کەرتی غەززەش کراوە.

هەر لەو سەردانەیدا، کۆرێلا لەگەڵ دەستەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی حکومەتی ئیسرائیل کۆبووەتەوە، کە بەرپرسیارە لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە.

هەروەها کۆرێلا لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی باکوور و بەڕێوەبەری پەیمانگای هەواڵگریی و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیلیش کۆبووەتەوە.

کۆرێلا رایگەیاندووە، ئەمە 27مین سەردانیەتی بۆ ناوچەکانی سنووری فەرماندەییەکەی، کە دەرفەتی زیاتر و باشتری پێدەدەن بۆ باشتر تێگەیشتن لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئەمنیانەی دێنە پێشی، تێگەیشتنەکان دەرفەتی باشتر دەرەخسێنن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان، چونکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنی و ڤیدیۆکۆنفرانسەکاندا بەم ئاستە تێگەیشتنەکان بەدی نایەن.

هەروەها ئاماژەیداوە، دۆخی ناوچەکە بۆ فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا سەختە و ئەمەریکاش پابەندە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی چارەسەری کێشەکان بکات.