حکومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەران بۆ کەرتی کشتوکاڵ ئاراستە دەکات

K24 – هەولێر:

کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لەو کەرتانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەبەرهێنەرانی بۆ ئاراستە بکات، ئەمەش لەپێناو رێکخستنەوەی کەرتی وەبەرهێنان و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتەکانی دیکە، بێجگە لەوەی بڕیارەکە دەبێتە هۆی هێنانەئارای پێشکەوتن لە کەرتەکانی دیکەی وەکو کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، هاوکات کەرتی نیشتەجێبوونیش رێکدەخاتەوە و کاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە دەبێت.

حکومەت کەرتی نیشتەجێبوون رێکدەخاتەوە، چیتر مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان بە پڕۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون نادرێت، ئەو پڕۆژانەی لەدروستکردنن بەردەوام دەبن تاوەکو تەواوبوونیان، ئاراستەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەمەودوا بەرەو ئەو شوێنانەیە کە کەمتر گەشەیان کردووە و کەمتر پڕۆژەیان لێ دروستکراوە.

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری سەرەکی راگرتنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان زۆربوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونە لە ماوەکانی رابردوودا، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستێتی رێکخستنێکی باشتر بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە داهاتوو بکرێت.

لەساڵی 2023ـدا ، 154 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتییان لەوەبەرهێنان وەرگرتووە، سەرمایەکانیان چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بۆ رێکخستنەوەی کەرتی نیشتەجێبوونە لەهەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە هۆشمەند نازم، شارەزای بواری بازاڕی خانووبەرە بە کوردستان24ـی گوت: بەشێوەیەکی گشتی لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە بازاڕی خانووبەرە کڕین و فرۆشتن تێیدا لاوازە، بەڵام ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بۆ وەستانی مۆڵەت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەکاتی خۆیدا بوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییەکەی بەدیاردەکەوێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری راگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون چاوی لەوەیە وەبەرهێنەران لەبری پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون سوود لەو خاکە بەپیتەی هەرێمی کوردستان وەربگرن و لەداهاتوودا وەبەرهێنانی زیاتر لەکەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بکەن.