فڕۆكه‌ی جه‌نگیی توركیا سنووری شێلادزێی بۆردومان كرد
K24 - دهۆك:
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ـی مارسی 2024، فڕۆكه‌ی جه‌نگیی توركیا سنووری شێلادزێی بۆردومان كرد و له ئه‌نجامدا دوو هاووڵاتی شه‌هیدبوون.
له‌مباره‌یه‌وه رزگار ساركی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی شێلادزێ به كوردستان24ـی راگه‌یاند، فڕۆكه‌ی جه‌نگیی توركیا پاوانی گوندی دێوكێ له سنووری شێلادزێی بۆردومان كرد، له ئه‌نجامدا دوو هاووڵاتی شه‌هید بوون و یه‌كێكی دیكه‌ش برینداره، كه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گیایی به‌هاری روویان له ناوچه شاخاوییه‌كان كردبوو.
هه‌ریه‌ك له سه‌عید موباره‌ك له دایكبووی ساڵی 1986 و هه‌روه‌ها ئاراز فه‌ره‌ج له دایكبووی 1995ـه، دانیشتووی گوندی بەرێسکێی سه‌ر ناحیەی شێلادزێن، ئه‌مڕۆ به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگی توركیا شه‌هیدبوون.
هه‌روه‌ها ساڵح موباره‌ك برای شه‌هید سه‌عید موباره‌ك به‌هۆی بۆردومانه‌كه به سه‌ختی برینداره.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ساڵی 2023، 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.