مەترسییەکانی ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ بەرپرسانی ئەوروپای نیگەران کردووە

وێنەیەکی تێکەوڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا و ناتۆ
وێنەیەکی تێکەوڵاو لە ئاڵاکانی ئەمەریکا و ناتۆ

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئەوروپا هۆشداری دەدەن، ئەگەر ئەمەریکا لە ناتۆ بکشێتەوە، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا پلانی تەواو بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دابڕێژن. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان، 10ی شوبات لە گوتارێکیدا لە کارۆلاینای باشوور رایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پارەی پێویستی خۆیان بۆ بودجەی بەرگریی هاوپەیمانییەکە تەرخان نەکەن، ئەمەریکا بەرگریان لێناکات و رووسیاش هاندەدات چی بوێت لەگەڵیان بیکات.

ئێستاش، دوای کشانەوەی نیکی هەیڵی، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان، لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی، ئەگەرەکانی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی زیاتر بوون. ترسیش هەیە ترەمپ بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ بدات.

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیش لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەوروپی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداری دەدەن، "ئەگەر ئەمەریکا لە ناتۆ بکشێتەوە، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا پلانی تەواو بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دابڕێژن. بە کشانەوەی ئەمەریکا کەلێنێکی گەورە دروست دەبێت". سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپیش دەڵێن، هەڕەشەکانی ترەمپ، دەرخەری ئەوەن، ئەوروپا زیاد لەپێویست پشتی بە ئەمەریکا بەستووە. گفتوگۆکردن لەسەر مەترسییەکانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ناتۆ پێویستە. بە کشانەوەی ئەمەریکا، دەبێت بەریتانیا سەرکردایەتی پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا بکات.

یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆش لە وەڵامی ترەمپ دەڵێت، "قسەکانی ترەمپ سەربازانی ئەمەریکا و ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە بە هەڕەشەی پارێزگارینەکردن لە یەکدی ئاسایشی تەواوی هاوپەیمانییەکە لە مەترسیدا دەبێت. بەدرێژایی مێژوو ئەمەریکا بە تەنیا نەجەنگاوە بەهێزی ناتۆ واتە بەهێزی ئەمەریکا".

هاوپەیمانی ناتۆ ساڵی 1949 دامەزرا، ئێستا لە 32 وڵات پێکهاتووە، بودجەی بەرگری بۆ 2023، 347 ملیار دۆلار بوو، بە تەرخانکردنی لەسەدا 3 پۆینت 5ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی بۆ بەرگری ناتۆ، ئەمەریکا لە پلەی یەکەم دێت و دوای ئەویش بەریتانیایە و 2 لەسەدی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی بۆ بەرگری ناتۆ تەرخاندەکات.

بەگوێرەی ماددەی 13ی دەستووری ناتۆ، هەر وڵاتێک بیەوێت لە ناتۆ بکشێتەوە، دەبێت ئاگادارکردنەوەیەک بداتە ئەمەریکا، ئەمەریکاش وڵاتانی دیکەی ئەندام ئاگاداردەکاتەوە و دوای ساڵێک، ئەو وڵاتە دەتوانێت بە فەرمی لە ناتۆ بچێتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت لە ناتۆ بکشێتەوە، دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگی ئەنجومەنی پیران بەدەست بهێنێت.