ساڵانە زیاتر لە ملیارێک تۆن خۆراک لە جیهان بەهەدەر دەدرێت

ئاسایشی خۆراک
ئاسایشی خۆراک

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا سەدان ملیۆن کەس لە جیهان بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراک و برسییەتی دەناڵێنن، ساڵانە سەدان ملیۆن تۆن خۆراک لە جیهان بە هەدەر دەدرێن.

وێڕای ئەوەی سەدان ملیۆن کەس بەدەست کەمخۆراکی و برسییەتی دەناڵێنن، ساڵانە زیاتر لە ملیارێک تۆن خۆراک بەهەدەردەدرێت، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریداوە بۆ 2030 رێژەی خۆراکی بەهەدەردراو بۆ لە 40% کەمبکاتەوە.

لەرووی بەهەدەردانی خۆراک، عێراق لە کۆی 196 وڵاتی جیهان لە پلەی شەشەمدایە و زیاتر خۆراکی بەهەدەردراو لە 40% پاشماوەکانی پێکدەهێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دۆخی ئاسایشی خۆراک لە جیهان بۆ ساڵی 2023 ژمارەی ئەو کەسانەی لەجیهان رووبەرووی برسییەتی و کەمخۆراکی دەبنەوە لەنێوان 700 بۆ 783 ملیۆن کەسە.

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، ساڵانە ملیارێک و 300 ملیۆن تۆن واتا نزیکەی سێیەکی خۆراک بەهەدەر دەردرێت و مەزندە دەکرێت زیانە داراییەکەی بگاتە یەک ترلیۆن دۆلار، لەو قەبارەیە نزیکەی لە 43%ـی لەلایەن خەڵكەوە بەهەدەر دەدرێت و لە 40%ـیش لەلایەن ماڕکێت و چێشتخانە و کۆمپانیاکانی خۆراکەوە دەبێتە پاشماوە.

رێکخراوەکە ئاشکراشی دەکات، قەبارەی ئەو خۆراکەی فڕێدەدرێت دەتوانێت پێداویستی دوو ملیار کەس پڕبکاتەوە، ئەمەش زیاترە لە دوو هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە رووبەرووی کەمخۆراکی بوونەتەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا بۆ ساڵی 2030 بەهەداردانی خۆراک بۆ هەر خێزانێک بەڕیژەی لە 40% کەمبکاتەوە.

بەگوێرەی یەکێتی ئەوروپا کە لە 27 وڵات پێکدێت، ساڵانە تەنیا لە یەکێتییەکە 60 ملیۆن تۆن خۆراک فڕێدەدرێت، واتا بۆ هەر کەسێک لە یەکێتییەکە 132 کیلۆگرام خۆراک فڕێدەدرێت و زیانەکەشی بە 144 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا دەخەمڵێندرێت، لە کاتێکدا 37 ملیۆن کەس لە یەکێتی ئەوروپا ناتوانن رۆژانە ژەمەخۆراکێکی گونجاو بۆخۆیان دەستەبەربکەن.

هەروەها بەگوێرەی گۆڤاری ceo world ئەمەریکی ساڵی 2023 عێراق لە رووی بەهەدەردانی خۆراک لەکۆی 196 وڵاتی جیهان لە پلەی شەشەم دێت و لەنێو وڵاتانی عەرەبیش لە پلەی یەکەمدێت.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ژینگەی عێراق رۆژانە 20 هەزار تۆن خۆراک واتا لە ساڵێکدا حەوت ملیۆن و 300 هەزار تۆن خۆراک لە عێراق فڕێدەدرێت و خۆراکی بەهەدەردراو لە عێراق لە  %43 پاشماوەکانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت و ئەمەش زیانی ئابووری و ژینگەیی بە عێراق دەگەینێت.