مێرال دانش بێشتاش: لەکاتی هەڵبژاردندا پارتە سیاسییەکان بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکەن

K24 - ھەولێر: 

کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستانبوڵ رایگەیاند، لە کاتی هەڵبژاردندا هەموو پارتە سیاسییەکان بەدوای دەنگدەرانی کوردەوەن.

مێرال دانش بێشتاش، کاندیدی (دەم پارتی) لە ئیستانبوڵ ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی هەڵبژاردندا لەلایەنە سیاسییەکان بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکەن بۆ ئەوەی سۆزیان رابکێشن. 

راشیگەیاند، گەلی کورد لە تورکیا رێکخراوە و ئاشنای سیاسەتی خودی خۆیەتی.

بێشتاش ئاشکراشیکرد، ئیستانبوڵ زۆرترین ژمارەی کوردی لێیە، بەڵام خزمەتگوزارییەکان بە زمانی کوردی نیین بۆیە کورد بەتایبه‌تی لە ئیستانبوڵ خاوەن ناسنامەی خۆیان نیین.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە 40 هەزار کەس ئامادەیبوو، لە پارێزگای ئاگری رایگەیاند، دەم پارتی و هاوپەیمانەکانی پشتییان بە پەکەکە بەستووە لە کاتێکدا چەندین ساڵە لە پەرلەمانن و هیچ چارەسەرێکیان بۆ پارێزگا و هاووڵاتییان نییە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوانن بەشداری بکەن.