سەعدی پیرە: بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك پێویستیمان بە ھاوپەیمانی ھەیە

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك پێویستیمان بە ھاوپەیمانی ھەیە و جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک دەبێت نوێنەری ھەموو پێكھاتەكانی شارەکە بێت.

رۆژی هەینی (15ـی ئاداری 2024) سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنفڕانسێكی رۆژانەمەوانیدا رایگەیاند: بۆ دانانی پارێزگای كەركووك پێویستیمان بە ھاوپەیمانی ھەیە، چونكە كورد و لایەنەكانی دیكە ھەشت كورسی بە ھەشتە کورسییە.

لەبارەی رێککەوتنی لایەنەکانیشەوە، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر كورد هەر 16 كورسییەكەی ئەنجوومەنی ۆار ھێنابووایە دەبوو بە رێككەوتن بووایە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، چونكە ئەو پارێزگارەی دای دەنێین دەبێت نوێنەری ھەموو پێكھاتەكانی كەركووك بێت".

دوای دوو کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە کۆبوونەوەی دووەم لە رۆژی (3ـی ئاداری 2024) بەڕێوەچوو کە تێیدا داوای لە لایەنەکان کرد لە ماوەی دوو هەفتەدا نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی خۆجێی کەرکووک دیاریبکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەو کۆبوونەوەیەدا؛ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشنیازەکانیان لەبارەی چۆنیەتی پڕکردنەوەی پۆستەکانی کەرکووک پێشکەشی سوودانی کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش خوێندنەوەیان بۆ دەکات و چاوەڕێش دەکرێت بە جیا لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.

عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە رێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە و بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکەشەوە، بەبێ سازانی لایەنەکان و تەوافقی سیاسیی، ئەستەمە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بە ئاسانی ئەنجامبدرێت.