ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین دامەزرا

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

کوردانی شاری بەرلین، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانیان دامەزراند و ئامانجیانە کوردستانیانی هەرچوار پارچە لە دەوری یەک کۆبکەنەوە. پێکهێنانی لۆبیی بۆ کورد و کوردستان و هێنانە پێشەوەی نەوەی نوێی کوردستانی و سوود وەرگرتن لە تواناکانیان ئامانجی لە پێشینەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانییە.

رەوەندی کوردستانی لە شاری بەرلین، بە سەرپەرشتیی بارەگای بارزانی ناوەندێکی ڕەوەندی کوردستانییان بۆ شاری بەرلین و براندنبۆرگ دامەزراند و دەستەیەکی بەڕێوەبەردن لە کوردستانیانی ئەو شارە بۆ ئەو ئەرکە هەڵبژێردران.

د. دلێر دزەیی، سەرۆکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین دەڵێت: "دامەزراندنی ناوەندی کوردستانی بە مەبەستی پێکهێنانی لۆبییە بۆ کورد، بۆ پەیداکردنی پشتیوانیە لە پرسی کورد لە دەرەوە. وەکو ئێستا کە لە کوردستان دەبینین کە فشارێكی زۆرمان لەسەرە، ئێمە دەبێت پشتیوانیی بۆ حکومەت و هەرێمی کوردستان لێرە دروست بکەین و ئەوەی هەیە بیپارێزین و لەناو نەچێت".

بەشێک لە نەوەی نوێی کوردانی ئەوروپا، لە ناو فەرهەنگی ئێرەدا تواونەتەوە، ڕەوەندی کوردی خەم لەوە دەخوات کە ئەو نەوەیە پەیوەست بێت بە ناسنامە و فەرهەنگ و کوردایەتیەوە و سوود لە تواناکانیشیان وەربگیرێت بۆ پشتیوانیی لە پرسی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان.

کۆڤان ئامەدی، سکرتێری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژە بەوە دەدات: "سێ نەوەی کورد لە ئەوروپا دروست بوونە، پێویستە ئەوانە فێر و ئاشنا بە زمان و فەرهەنگ و مێژووی کوردی بکرێن. دەبێت ئەو گەنجانەمان ببنە کورد و لە ناو ئەوروپاییەکاندا نەتوێنەوە، بە هۆشیاریی نەتەوەیی کار بکەن".

ڕەوەندی کوردی بە ڕەنگە جیاوازەکانیەوە لەو کۆنفراسەدا بەشداربوون و چاویان لەوەیە ئەو ناوەندە ببێتە کۆکەرەوەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان.

گیاڕەنگ بەگزادە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی کوردی لە بەرلین ڕوونی دەکاتەوە، "ئەگەر بێت و وەکو باسی لەسەر دەکرێت بەڕێوە بچێت، دەبێتە کۆکەرەوەی هەرچوار پارچەکەی کوردستان. وەک چالاکوانان و خەڵکانی سڤیل لە دەوری یەک کۆبینەوە، بەدەر لە حیزبایەتی، حیزب تەنها ئامرازە، ئێمە دەمانەوێت کە ڕۆڵی خەڵکی سڤیل و بەدەر لە حیزب بەرجەستە بکەین".

کوردستانیان منداڵەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو، ئەمەش وەک دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئاشنابن بە چالاکییەکانی میللەتەکەیان لە دەرەوەی وڵات.

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین دروست کرا، کە بڕیارە لە زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئەوروپاش ناوەندی لەم چەشنە دروست بکرێن.

ئامانج لە دروستکردنی ئەو ناوەندانە کۆکردنەوەی کوردستانیانە لە ژێر چەتری ئاڵای کوردستان و کارکردنە بۆ کورد و کوردستان لە دیاسپۆرا و وڵاتانی ئەوڕوپا.