سەرۆکی چین سەردانی فەرەنسا دەکات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2024، ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ڕایگەیاند، شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵدا سەردانی فەرەنسا دەکات، ئەمەش یەکەم سەردانی دەبێت لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا. هەرچەندە ئەم سەردانە هاوکات دەبێت لەگەڵ یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان چین و فەرەنسا.

پۆلیتیکۆ لەزاری بەرپرسانەوە ڕایگەیاند، سەردانەکەی شی جین پینگ زیاتر تایبەت دەبێت بە لێکۆڵینەوە و بارودۆخی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ئێستا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوروپا بەدوای "بەرانبەرێک"دا دەگەڕێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، سەبارەت بە گۆڕانکاری ژینگەیی.

لای خۆیەوە چین هەوڵ دەدات بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی ئەوروپایی بۆ ئەوەی ڕێگه بۆ ​​ڕووسیا خۆش بکات له داهاتوودا بەشداری له دانوستاندنەکانی ئاشتی له بارەی ئۆکرانیا له سویسرا بکات، هەرچەندە وڵاتانی ئەوروپاییی نیگەرانن له هاریکارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا.

لی هوی، نێردەی چین بۆ کاروباری ئۆراسیا، گەشتێکی بۆ ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوای کرد بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری چارەی ئاشتیانە. لای خۆیەوە چین ئاماژەی بەوە کرد، کە بایکۆتی هەر دانوستانێکی ئاشتی دەکات ئەگەر ڕووسیا بەشداری تێدا نەکات.

شی جین پینگ دوایین جار لە ساڵی 2019 سەردانی فەرەنسای کردووە. بەپێی هەواڵی میدیاکانیش، بڕیارە ئەمساڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەردانی چینیش بکات، بەڵام کۆشکی ئەلیزە تا ئێستا ئەم سەردانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. ماکرۆن ساڵی ڕابردوو سەردانی چینی کرد.