نەیجەر ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی سەربازی لە نەیجەر، ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە، کە لە ساڵی 2012 واژۆ کرابوو، کە ڕەنگە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ببێتە هۆی دەرکردنی سەربازانی ئەمەریکی لەو وڵاتە، هاوشێوەی دەرکردنی سوپای فەرەنسا.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 16-3-2024، ئەمادۆ عەبدولرەحمان، گوتەبێژی حکوومەتی نەیجەر لە تەلەفزیۆنی نیشتمانیی بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند: حکوومەتی نەیجەر بە لەبەرچاوگرتنی خواست و بەرژەوەندییەکانی گەل، بە هەموو بەرپرسیارێتییەکەوە بڕیار دەدات دەستبەجێ ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەمەریکا هەڵبوەشێنێتەوە، کە ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە دانانی کارمەندانی سەربازی و کارمەندانی مەدەنی ئەمەریکا سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەسەر خاکی نەیجەرە.

عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەشدا، "بوونی سەربازانی ئەمەریکا نایاساییە و هەموو ڕێسا دەستووری و دیموکراسیەکان پێشێل دەکات".

گوتیشی: ئەم ڕێککەوتنە "نادادپەروەرانە"یە و لەلایەن ئەمەریکاوە لە ڕێگەی زارەکی لە 6ـی تەمموزی 2012 بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەپێندرا.

ئەم هەنگاوە، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕۆیشتنی شاندێکی ئەەمریکی بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئەفریقا، 'مۆلی ڤی' دێت.

شاندە ئەمریکییەکە سێ ڕۆژ لە نیامی پایتەختی نەیجەر ماونەتەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی حکوومەتی نەیجەر، شاندەکە نەیانتوانیوە چاویان بە ئەمادۆ عەبدولرەحمان تیانی، فەرماندەی سەربازی بکەوێت

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، دوای کودەتاکەی 26ـی تەمموزی ساڵی 2023، ئەو سەربازانەی نەیجەر دەستیان بەسەر دەسەڵاتی وڵاتدا گرت، خێرا داوای ڕۆشتنی سەربازە فەرەنسییەکانیان کرد کە نزیکەی 1500 سەرباز بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوەکان لەو وڵاتەدا جێگیر کرابوون، هەروەها زۆرێک لەو ڕێککەوتنە سەربازییانەی کە لەگەڵ پاریس کرابوون هەڵوەشێندرایەوە.

دوای ئەو کودەتایە سەربازییەی کە محەمەد بازوم، سەرۆککۆماری نەیجەریان لەکار دوورخستەوە، واشنتن هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد.

بەڵام ئەمەریکا نزیکەی 1100 سەربازی لەو وڵاتەدا جێگیر کردووە، هەروەها بنکەیەکی گەورەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەگادێز هەیە. لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم هاوکارییانە بەڵام بە مەرج.