سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لە گفتوگۆداین بۆ چاره‌سه‌ركردنی مووچه‌ لە چەند رۆژی داهاتوودا

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەڵێن دووپاتدەکەینەوە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانمان و کیانی کوردستان بکەین
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: هیچ ساڵێک لە هیچ شوێنێک وەک ئاکرێ یادی جەژنی نەورۆز نەکراوەتەوە و دەمانەوێت ئاکرێ ببێتە بنکەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ گیانیان لەدەستدا كرد و ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی ئازاری ئەوانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستان كرد سه‌باره‌ت به‌ پرس و کێشەی مووچەوە كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستكراوه‌ و گوتی: هەرچەندە کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە و دڵنیاییش دەدەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ لەسەر هێڵم و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەربکرێت و چیتر نەبێتە گرفت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: نەورۆز رۆژێکی مێژوویی و نەتەوەییە و لەم رۆژەدا پەیمان دەدەینە خوای خۆمان و بەڵێن دەدەینە خوێنی شەهیدان کە بەرگری لە ماف و ئازادی و دەستەکەوتەکانی خۆمان و کیانی کوردستان بکەین و رووبەڕووی ستەم و بێدادی و گەندەڵی و نادادی دەبینەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، ئامادەبوانی هێژا، میوانانی قەدر گران، ئێوە گەلێك بەخێر هاتن بۆ ئاكرێ، بۆ ناوەند و پایتەختی نەورۆز. نەورۆزی ئێوە هەمووتان پیرۆز بێت.

ئەوە چەندین ساڵە گەنج و لاوانی ئاكرێ مەشخەڵ هەڵدەكەن و بەسەر چیا دەكەون و نەورۆز لێرە لە ئاكرێ پیرۆز دەكەن، كە لە هیچ جێیەكی دیكەی دونیادا ئەم بۆنەیە وەك ئاكرێ و بەم شێوەیە پیرۆز نەكراوە. بۆیە ئێمە پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكوو لە هەموو ساڵەكانی داهاتوو ناوەندی ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان. من پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانەش دەكەم كە نەورۆز پیرۆز دەكەن.

جێی خۆیەتی من لەم دەرفەتەدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو بنەماڵانە بكەم كە دوێنێ بەهۆی باران و لافاو لە دهۆك و زاخۆ گیانی خۆیان لەدەست دا، هیوادارم خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبر و ئارامیش بداتە كەسوكاریان. گەلێك كەسیش ماڵ و موڵكیان زەرەر و زیانی پێكەوت، من حەز دەكەم پێیان بڵێم كە ئیشەڵا خوا دەرفەت بدات، ئێمە قەرەبوویان دەكەینەوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو زەحمەتی و ئازار و ناخۆشییەی كە پێیان گەیشتووە، سووك بكەین.

جێی خۆیەتی سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە بەراستی لەم ماوەیەی رابردوودا گەلێك خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە ناخۆشیی ژیان، بە تایبەتیش نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێك ناخۆشیی دیكە كە هاتوونەتە پێشەوە. هەرچەندە گرفتی ئێمە بەس مووچە نییە، ئێمە داخوازی و ڕێباز و خاك و ڤیانی ئێمە گەلێك لە مووچە زیاترە، بەڵام ئەوە ژیانی خەڵكی پێوە گرێدراوە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی مووچە و دابینكردنی مووچەی خەڵكی كوردستان. جێی خۆیەتی من سوپاسی ئەوانە بكەم و دڵنیایی بدەم كە لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین تاوەكوو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكوو پێی گوتووین، ئیشەڵڵا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دێتە چارەسەر كردن و هیوادارم ئەم بابەتە چیدی نەبێتە پرس و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان.

نەورۆز رۆژێكی نەتەوەییە، ئێمە لەم ڕۆژەدا جارێكی دیكە پەیمان بە خودای خۆمان و خوێنی شەهیدانی خۆمان و پێشمەرگەی خۆمان و خەڵكی كوردستان، كە ئێمە بەرگریی لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی خۆمان بكەین، لە قەوارەی كوردستان بكەین، ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبینەوە و ئیشەڵا لەسەر ئەو پەیمانە بەردەوام دەبین.

نەورۆز ڕۆژێكی نوێیە، دەستپێكێكی نوێیە، ساڵێكی نوێیە، بەڵام بۆ ئێمە نەورۆز ژیانێكی نوێیە و هیوادارم ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو خۆشی و دەستكەوتی زیاتری بۆ گەلی ئێمە تێدا بێتە دەست.

من جارێكی دیكە سوپاسی هەمووتان دەكەم.