یادگار مه‌حموود: دادگای فیدراڵی ده‌ستی بۆ چه‌ند بابه‌تێكی ترسناك بردووه‌

یادگار مه‌حموود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق
یادگار مه‌حموود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دادگای فیدراڵی ده‌ستی بۆ چه‌ند بابه‌تێكی ترسناك بردووه‌؛ ده‌شڵێت، جگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكات لایه‌ن و كه‌سایه‌تی دیكه‌ له‌ عێراق پێیان وایه‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی سیاسین.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 22ـی ئاداری 2024) یادگار مه‌حموود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، جگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكات لایه‌ن و كه‌سایه‌تی دیكه‌ له‌ عێراق پێیان وایه‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی سیاسین و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوورن.

یادگار مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاره‌كانیدا ره‌چاوی دیموكراسی و ئازادی ناكات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراق، روون ده‌بێته‌وه‌ دادگای فیدراڵی ده‌ستی بۆ چه‌ند بابه‌تێكی ترسناك بردووه‌ له‌وانه‌ش پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

یادگار مه‌حموود گوتیشی، دادگای فیدراڵی هه‌وڵ ده‌دات ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ده‌ستوور بۆ خۆی رێكاری بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ داناوه‌.

رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵیی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".