بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هەولێر:
مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له كوردستان سه‌باره‌ت به هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و له به‌شێكیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدراڵی به سیاسیی كراون؛ ده‌شڵێت، ئه‌و کەمینەیه‌ی ئێستا جڵه‌وی حكومیان له عێراق به‌ده‌سته‌وه‌یه رازی نه‌بوون به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌رله‌مانی عێراق كاره‌كانی خۆی به یاسایی و ئاسایی ئه‌نجام بدات.
مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له كوردستان هه‌روه‌ها به پێویستی ده‌زانێت ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له ئه‌نجام بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له كوردستان
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
ئاشكرایه لای هه‌موان كه هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێكه به قه‌یرانێكی سیاسی و ئابووری خنكێنه‌ر تێده‌په‌ڕێ كه تیایدا خه‌ڵكی كوردستان باجی قورسی ئه‌و باره نا هه‌مواره ده‌ده‌ن به تایبه‌تی موچه‌خۆران، شاراوه نیه لای هه‌موان كه په‌رله‌مانی كوردستان سه‌كۆیه‌ك بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه سیاسیه‌كان و ده‌نگه جیاوازه‌كان، به‌ڵام وا زیاتر له ساڵێكه ئه‌و سه‌كۆیه په‌كخراوه، به‌م هۆیه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان كه‌وته قه‌یرانی قووڵه‌وه كه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان نه‌یانتوانی خۆیان چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌رله‌مان و دووباره چالاككردنه‌وه‌ی بكه‌ن ئه‌ویش له رێگه‌ى ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و پاک و بێگەرد، بۆیه به‌غدا به هه‌لی زانی ده‌ستوه‌ردان بكات و له رێگای دادگای فیدراڵیه‌وه كۆمه‌ڵێك بڕیار به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بسه‌پێنێ، له كاتێكدا بینیمان كه عێراق له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌كه‌یدا رووبه‌ڕووى چه‌ندین قه‌یرانی گه‌وره بوویه‌وه کە ئەو کەمینەی ئێستا جڵه‌وی حكومیان لەبەر دەستە ڕازی نه‌بوون به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌رله‌مانی عێراق كاره‌كانی خۆی به یاسایی و ئاسایی ئه‌نجام بدات، دەیانووت دەبێ عێراق بە ته‌وافوقی سیاسی بەڕێوە بچێت، تا كار گه‌یشته به‌كارهێنانی توندوتیژی، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر ئەو کەمینەیە ته‌وافوقى سیاسی‌یان وه‌لاناوه ده‌نێن باسى قانون و دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ن.
پێمان وایه ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدراڵی به سیاسیی كراون و داوا ده‌كه‌ین له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵكی كوردستان ته‌واوی لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێمى كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كی به په‌له ئه‌نجام بده‌ن بۆچاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان، به پێچه‌وانه‌وه بێ رێكه‌وتنی لایه‌نه سیاسیه‌كانی هەرێمی کوردستان به تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی هیچ هه‌ڵبژاردنێك سه‌ركه‌وتوو نابێت و ئەنجامنەدانی باشترە لەئەنجامدانی و کێشەکانیش قوڵتر ده‌كات و چارەسەریان ناکات و دڵی هەموو دۆستانی کورد نیگەران دەکات و دوژمنانیش خۆشحاڵ دەکات، بۆیە ڕێکەوتن و تەبایی تاکە رێگە چارەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.