حەسەن مەجید: بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی، لایەنە براوەکانی کەرکووک سازش لەسەر داواکانیان ناکەن
K24 - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی شاری کەرکووک هەریەکەیان داواکاریی خۆی هەیە، کەسیش سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە تاکو ئێستا حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دانەنراوە و هەڵنەبژێردراوە. ئەم بابەتە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە شاری کەرکووک پێکهاتەکەی فرەنەتەوە و فرە پێکهاتەیە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکانی دواکەوتنی پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.
بەگوتەی ئەو، "هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن هەریەکەیان داواکاریی خۆی هەیە، کەسیش سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات و دەیەوێت زۆرترین دەستکەوت بەدەست بهێنێت. ئەمەش وایکردووە کە نەتوانین بگەینە ئەنجامێک، هەرچەندە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێو پێکهاتەکانی لایەنە براوەکانی شارەکەدا هەن".
حەسەن مەجید گوتیشی: "راستییەک هەیە لە شاری کەرکووکدا خۆی باڵا دەست دەکات، بەڵام هیچ لایەنێک و نەتەوەیەک ناتوانێت بەتەنیا ئیدارەی شارەکە بەڕێوە ببات، دەبێت هەر بە هاوبەشی بگەینە ئەنجامێک کە جێگەی رەزمەندیی سەرجەم پێکهاتەکانی لایەنە سیاسییەکان بێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەشڵێت: "بەبۆچوونی من ئەم بابەتە درێژە دەکێشێت و کاتی دەوێ تاکو بتوانرێت ئەم ڕێککەوتنە لەنێوان گشت لایەنە سیاسییەکاندا بکرێت؛ بەڵام دڵنیام لە کۆتاییدا هەر دەبێت بگەینە ئەنجامێک، دەبێت دانیشتنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ یەکلا بکرێتەوە، بەشێوەیەکی وا ببێتە جێگای ڕەزامەندی تەواوی لایەنە براوەکانی شاری کەرکووک".
رۆژی سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری کرد.
كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق له راگهیهندراوێكدا ئاشكرای كردووه، به مهبهستی تۆماركردنی ناوی هاوپهیمانێتی نوێ و هێزه سیاسییهكان بۆ بهشدارییان ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان له عێراق، له 1ی تهممووز تاوهكو 30ی تهممووزی ئهمساڵ دهرگای خۆتۆماركردن دهكرێتهوه.