هێزەکانی پشتیوانی خێرا دامەزراندنی ئیدارەی مەدەنی لە جەزیرە ڕاگەیاند

K24- هەولێر

لە هەنگاوێکی نوێدا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دامەزراندنی ئیدارەیەکی مەدەنی لە ویلایەتی جەزیرە ڕاگەیاند، هەروەها ئیدراەکە 31 ئەندامی هەیە و سەدیق ئەحمەد سەرۆکایەتی ئیدراەکە دەکات.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەنجومەنی دامەزراوەی مەدەنی" سەدیق ئەحمەدی وەک سەرۆکی ئیدارەی مەدەنی بۆ ویلایەتی جەزیرە هەڵبژاردووە، دواتر بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک سەرکردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

ئەو هەنگاوە ترسو دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای سوودانییەکان دروستکردووە، بەوەی سوودان لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەر دەسەڵاتی سەربازی و دەسەڵاتی مەدەنیدا دابەش بکرێت.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی شارەکانی ڕۆژئاوا و ناوەند و ڕۆژهەڵاتی دارفۆری کردووە، بەڵام ئیدارەیەکی مەدەنی لەو شارانە دانەمەزراندووە. هەروەها جەزیرە ئەوکاتە بەتەواوی کەوتە ژێر دەستی پشتیوانی خێرا کاتێک سوپای سوودان لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بنکەی سەربازی وەد مەدەنی چۆڵ کرد.

سەرۆکی ئیدارەی مەدەنی دوای هەڵبژاردنی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکان بەڵێن دەدەین بناغەیەکی پتەو بۆ حکومڕانی فیدراڵی دابنێین، هەروەها داواشی لەهاووڵتیان کرد بگەڕێنەوە سەر ماڵو حاڵی خۆیان.

ئەنجومەنی دامەزراوەی مەدەنی لە 31 ئەندام پێکهاتووە، کە نوێنەرایەتی ناوچە جیاوازەکانی دەکەن و لەلایەن کۆمەڵگەی ناوخۆییەوە هەڵبژێردران.

ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوە سیستەمی کارگێڕی و و پاراستنی هاووڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوویدا کە دەیان هەزار کەس کوژراون و  ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.