جۆن کێربی: سەردانی شاندی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا هەڵوەشاوەتەوە

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی

24 - هەولێر

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەردانی شاندی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا بۆ گفوتگۆکردن دەربارەی جێگرەوەکانی هێرشی زەمینی بۆسەر رەفەح، هەڵوەشاوەتەوە.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمەریکا پشتیوانی پرۆژەی ئاگربەستی غەززەی لە ئەنجومەنی ئاسایش نەکرد، چونکە پرۆژەکە سەرکۆنەکردنی حەماسی تێدانییە.

کێربی جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەپێدانی ئەو چەک و کەرەستانە بە ئیسرائیل کە پێویستییانە.

گوتیشی: "بەڕاستی هەڵوەشاندنەوەی سەردانی ئەو شاندەی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا نائومێدکەرەوە، چونکە وادانرابوو کە دێنە ئێرە بۆ گفتوگۆکردن بێت دەربارەی جێگرەوەکانی هێرشی سەر رەفەح."

کێربی دەشڵێت: "ئێمە خۆمان بەدوورگرت لە دەنگدان بە پرۆژەی ئاگربەست لە غەززە تا کۆتایی رەمەزان، جەختی لێدەکەینەوە دەنگنەدانمان مانای گۆڕانیکاریی نییە لەسیاسەتماندا، چونکە هەمیشە لەگەڵ ئاگربەست بووین لەغەززە وەک بەشێک لە پاکێجی ئازادکردنی بارمتەکان. بەڵام ئەو پرۆژەیە خاڵێکی بنەڕەتی تێدانییە ئەویش سەرکۆنەکردنی حەماسە، ئێمە ناتوانین دەنگ بە وەها پرۆژەیەک بدەین".

راشیگەیاند، یەک خاڵ هەیە نابێت هەمووان لەبیری بکەن، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل بەپێدانی ئەو چەک و کەرەستانەی پێویستییانە.

بە گوێرەی ئامارێکی حکوومەتی ئیسرائیل لە کۆی 250 رفێندراوی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، تا وەکوو ئێستە 130 بارمتە لە دەستی چەکدارانی حەماس ماون و لە نێویشیاندا مەزندە دەکرێت 33کەسیان مردبن.

نزیکەی شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین تا وەکوو ئێستە لە کەرتی غەززە  32,226 کەس کوژراون و 74,518 کەسی برینداربوون.