پۆندێک بە توانای گلدانەوەی 140 هەزار مەتر سێجا ئاو لە هەڵەبجە دروست دەکرێت

پرۆژەی پۆندی پریسـی خواروو لە هەڵەبجە
پرۆژەی پۆندی پریسـی خواروو لە هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

پرۆژەی پۆندی پریسـی خواروو یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە؛ کە توانای گلدانەوەی 140 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

ئەشرەف حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی هەڵەبجە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "ئەم پۆندە توانای گلدانەوەی 140 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە. سوودێکی زۆری بۆ ئاودێری و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری هەیە".

ئەم پرۆژەیە جگە لە وەی سوودێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دەگەیەنێت، لە هەمانکاتدا سوودی بۆ کاری بەخێوکردنی ماسی و ئاژەڵ و باڵندەکانی ناوچەکە دەبێت.

هاووڵاتییەکی گوندی پریسیش ئاماژەی بەوەکردووە: "لە گوندەکەمان کێشەی کەمیی ئاو و وشکیی زەوییەکانمان هەبوو؛ سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ دروستکردنی ئەم پۆندە لە گوندەکەمان".

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگرنگییەوە لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی ئاو دەڕوانێت و لە دروستکردنی پۆند و بەنداو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 118 پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو تەواو کراون و 43 پۆندی دیکەش لەژێر جێبەجێکردندان. هەروەها 21 بەنداویش کە سێ بەنداویان لەژێر دروستکردندان، لە هەرێمی کوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو هەن.