سوودانی بە كۆمەڵێك دۆسییەوە كە یەخەی عێراقیان گرتووە دەچێتە ئەمەریكا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە كۆمەڵێك دۆسییەوە كە یەخەی عێراقیان گرتووە، 15ـی مانگی داهاتوو دەچێتە ئەمەریكا و، لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.

پرسی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش و ھێزەكانی ئەمەریكا، دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان و چاكسازییەكانی بانكی لە عێراق، لەنێوان بایدن و سوودانیدا تاوتوێ دەكرێن.

لەوبارەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق كە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی لە واشنتنە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەکێک دەبێت لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی. راشیگەیاند، ئەمەریكا سوورە لەسەر چاکسازی بانکی لە عێراقدا.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "گۆمانی تێدا نییە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە ئەجێندای سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی. کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان پێویستی بە کاتی زۆر و  وەڵامی زۆرە. چۆن دەکشێنەوە، کەی دەکشێنەوە؟ ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێیدا گفتوگۆی لێ دەکرێت و پێویستە وەڵامەکانیش لە هەردوولایەنی ئەمەریکی و عێراقییەوە بێت. ئەمەریکا ناڵێت سزامان بەسەر بانکە عێراقییەکاندا سەپاندووە، بەڵکوو دەڵێن رێکارمان گرتووەتەبەر، هەروەها سوورن لەسەر چاکسازی بانکی لە عێراقدا."

زیاتر لە 20 بانکی عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە مامەڵکردن بە دۆلاریان لێ قەدەغەکراوە و تەنها دەتوانن لەناوخۆی عێراقدا کاری دارایی بکەن. جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقیش دەڵێت، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تا بلۆکی سەر بانکەکانی عێراق هەڵبگرن.

عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئەوەی خستەڕوو، " لە سەرەتای ساڵی 2023دا رێژەی خستنە بازاڕی دۆلار لەلایەک بانکی ناوەندییەوە تەنها 50 ملیۆن دۆلاری رۆژانەبوو، بەڵام ئێستا رێژەکە بووە بە 200 ملیۆن دۆلار. ئەمەش لەگەڵ ئابووری عێراقدا یەکدەگرێتەوە. زیاتر لە 20 بانکمان لە مامەڵکردن بە دۆلارەوە بلۆککراون، بەڵام دەتوانن لەناوخۆی عێراقدا کاری دارایی و ئابووری بکەن. لە پەیوەندی بەردەوامیدان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکی بۆ هەڵگرتنی بلۆکی سەر بانکەکانی عێراق لە مامەڵکردن بە دۆلارەوە".

بڕیارە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داھاتوو جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بكات و بەگوێرەی راگەیێندراوێكی کۆشکی سپی، مەبەست لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی ھەماھەنگییە لەبارەی ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان عێراق و ئەمەریکا.