ئالان حەمەسەعید بڕیارێک لە بەرژەوەندیی قوتابییانی پۆلی 12 دەردەکات

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی ڕاسپارد بە پێدانی نمرەی بڕیار بۆ ئەو قوتابییانەی بەشدارییان کردووە لە تاقیکردنەوەی بەرایی (تەمهیدی) پۆلی 12ـی ئامادەیی.

ڕۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانم ڕاسپارد بە پێدانی (6) نمرەی بڕیار بە قوتابیانی تاقیکردنەوەی دەرەکی پۆلی 12ـی ئامادەیی.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە: لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو قوتابییانەی کە لە تاقیکردنەوەی تەمهیدی بەشداربوون و بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کە ئەمانیش هاوشێوەی قوتابییانی ئاسایی نمرەی بڕیار بیانگرێتەوە، ئەو بڕیارەیان داوە.

پێشتریش لە ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) لیژنەی باڵای بەردەوامیی تاقیکردنەوەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامى تاقیکردنەوەکانی بەرایی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) بڵاو کردەوە.

هەروەها ڕۆژی (27ـی شوباتی 2024) دکتۆر سەیوان عەلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە لەبارەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ قوتابییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان هەموو بابەتەکان کەم کراونەتەوە بەبێ لێ دەرکردن، تەنیا بابەتی ئایین هیچ بەشێکی لێ کەم نەکراوەتەوە، بەشێوەیەک: بەشەکانی وێژەی و زانستی پۆلی 12 بە ڕێژەی نزیکەی 12% بۆ 18% بەپێی زۆری بەشەکانی بابەتەکان کەم کراونەتەوە.