برێندن ئۆلیری: نابێت هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بێت

برێندن ئۆلیری، پسپۆڕی دەستووریی
برێندن ئۆلیری، پسپۆڕی دەستووریی

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی دەستووریی، ڕایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵیی عێراق یاسایی و دەستووری نییە، هەروەها بڕیارەکانی هەڵەی زەقن؛ لەبارەی دەستوورەوە گوتی: دەستووری عێراق مافی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانی نەداوە.

برێندن ئۆلیری، پسپۆڕی دەستووریی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، دەستوور لە عێراقدا وەکوخۆی جێبەجێ نەکراوە، کورد هەموو کات گوتوویانە ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە، کە دەبوو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کێشەکانیان چارە بکرێت.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، دەڵێت: دادگای فیدراڵی بە گوێرەی ماددەکانی دەستوور دانەنراوە، واتە دادگاکە نایاساییە و، بڕیارەکانیشی بە هیچ جۆرێک پابەندبوونی یاسایی و دەستووریی تێدا نییە.

برێندن ئۆلیری، باسی لەوە کرد، دەبوو لە عێراق ئەنجوومەنێکی فیدراڵیی دروستکرابووایە بۆ پاراستنی هەرێمەکان و پارێزگاکان، بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک پەرلەمان نەیتوانی یەکلایی بکاتەوە ئەوا ئەو ئەنجوومەنە یەکلایی کردبایەوە. هەروەها بابەتی خاوەنداریەتیی نەوت و غاز و بابەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکە وەکوخۆی جێبەجێ نەکراوە، کە ئەمەش هەڵەی حزبە عەرەبەکانە لە بەغدا.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، ئاماژەی بەوەدا، کورد هەندێک نکۆڵی و کاری باشی کردووە، کە دەستووری خۆی داناوە لە هەرێمی کوردستان، کە لە ژێر دەستووری عێراقە. برێندن ئۆلیری، دووپاتی کردەوە، هەر بڕیارێک کە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچێت هیچی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:"نابێت هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، چونکە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵەی زەقن، ئەگەر بڕیاری ڕاستیش بدات هەر دیسان نابێت کەس پابەندی بێت، هەروەها سیاسەتی دادگای فیدراڵی بەرانبەر کورد و سووننە هەڵەیە".

گوتیشی: "هەرێمی کوردستان دەبێت بە شێوەیکی ژیرانە هەنگاو بنێت، بە بۆچوونی من دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، هەروەها هەرێمی کوردستان هەموو پاساوێکی هەیە کە توڕە بێت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام دەبێت کێشەکان بە شێوەیەکی سیاسی چارە بکات".

بە گوتەی برێندن ئۆلیری، دەبێت کورد یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر حکوومەتی عێراق هەبێت، هەروەها کورد دەبێت ڕۆڵی خۆی لەناو حکوومەتی عێراق جێبەجێ بکات و لە نزیکەوە چاودێریی هەموو ڕێککەوتنە سیاسییەکان بکات.جەختی لەوەش کردەوە، گرنگە ڕێککەوتنێک بکرێت لەسەر بابەتی دادگای فیدراڵی عێراق.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، لەبارەی کوردەوە زیاتر گوتی: "لە ئێستادا کورد لەناوخۆدا دابەش بوونە و دەنگیان وەکو پێویست نەبیستراوە، بە دڵنیاییەوە یەکێتیی سیاسەتی جیاوازە لەگەڵ بەغدا و ئەمەریکا، پارتە سیاسییەکانی کورد بە یەک دەنگ قسە ناکەن، بۆیە ئەستەمە دەنگیان وەکوخۆی ببیسترێت".

هاوکات ناوبراو داواکارە کورد لەو کات و ساتەدا یەکگرتوو بێت و پەرلەمانی کوردستان بپارێزێت. جەخت لەوەش دەکاتەوە، پێویستە کورد بە یەک دەنگی هاوبەش لەگەڵ بەغدا و دنیای دەرەوە قسە بکات و بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی بکات.

برێندن ئۆلیری، لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کورد لە ساڵی 2017 هەنگاوێکی گرنگی نا، کە هۆکەشی پێشێلکردنی دەستوور بوو لەلایەن عێراقەوە، ڕیفراندۆمەکە سەرکەوتوو بوو لە ڕووی دەنگەکانەوە کە خەڵکێکی زۆر دەنگی بە بەڵی دا بۆ سەربەخۆیی.

ئەو پسپۆڕە دەستوورییە، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت: ئەم سەرکردایەتییەی ئێستای شیعە کە لە عێراق دەسەڵاتییان هەیە زۆر ناوەندییانە کاردەکەن و لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی نین، بۆیە ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەی دروست کردووە، هەروەها کوردستان دەتوانێت سەرکەوتووانە مافە فیدراڵییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەو مەرجەی یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت.