ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 63 هەزار کۆچبەر خنکاون

ژمارەیەک کۆچبەر لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا
ژمارەیەک کۆچبەر لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای دەکات، تەنیا لە دەیەی رابردوودا زیاتر لە 63,000 کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی چوون بۆ وڵاتی دووەم لە دەریاکاندا خنکاون کە 75%یان خەڵکی ئەو وڵاتانەن شەڕو ئاڵۆزیان تێدایە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی حاڵەکانی مردن و خنکانی کۆچبەران بە درێژایی 10 ساڵ، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، پێویستە تواناکانی گەڕان و ڕزگارکردنی کۆچبەران لە مەترسیی خنکان لە دەریاکان ڕێکبخرێتەوە و پەرەی پێ بدرێت.

هەروەها رێکخراوەکە ئاماژەیداوە، لەوەتەی 2014ـەوە تا وەکوو ئێستە زیاتر لە 63,000 خنکاون و ڕاشیگەیاندووە، ئاماری ڕاستەقینەی قوربانیانی کۆچ زۆر لەوەی هەیە زیاترە بەڵام بەهۆی دژواربوونەوە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و پشتڕاست ڕاستکردنەوەیان کارێکی قورسە.

لە ڕاپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتووە، %60ی ئەو کۆچبەرانەی خنکاون، زۆرینەیان بەکۆمەڵ کەوتوونەتە دەریاو نەتوانراوە تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە، لە نێویاندا زیاتر لە 27,000 کۆچبەر تەنیا لە دەریای ناوەڕاست خنکاون، کە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران لە باکووری ئەفریقاوە بۆ باشووری ئەوروپا کە زیاتر لە %75 کۆچبەرانیش خەڵکی ئەو وڵاتانەن جەنگ و ئاڵۆزییان تێدایە.

هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە دراوە، تەنیا لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە 8500  کۆچبەر لە سەرتاسەری جیهان لە ڕێگەی کۆچکردن بۆ وڵاتی دووەم مردوون، زۆرترین ڕووداوەکانی خنکانیش لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، بە تایبەت لە کەناراوەکانی یۆنان بووە و لە نێو رووداوەکانیشدا یەختێکی لیبی بوو بە نزیکەی 750 کۆچبەر نقوومی دەریا بوو، تەنیا توانرا 104 کۆچبەر رزگاربکرێن و 82 تەرمیش دۆزرانەوە، بەڵام هیچ یەکێک لە کۆچبەرەکانی دیکە نەدۆزرانەوە.