نیشاندانی پانتۆڵی جینز لە کەناڵەکانی کۆریای باکوور قەدەغەیە  

وێنەیەک لە کەناڵەکانی کۆریا
وێنەیەک لە کەناڵەکانی کۆریا

K24 - هەولێر

کەناڵی  فەرمی کۆریای باکوور بەرنامەیەکی "بی بی سی" سانسۆر دەکات بە سڕینەوەی پانتۆڵی پێشکەشکارە بەریتانییەکە ئالان تیچمارش، هەروەها تەلەفزیۆنەکە وەشانی ساڵی 2010 بەرنامەی "نهێنییەکانی باخچە"ی بۆ بینەرانی بەیانی بڵاوکردەوە، بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی بینەران کابۆیە "جینز"ـەکەی پێشکەشکارەکە نابینن.

بی بی سی ڕایگەیاندووە، دەوڵەتی کۆریای باکوور پانتۆڵی جینزی قەدەغە کردووە و بە هێمایەکی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی دادەنێت، هەروەها یاسایەکی داناوە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی جلی جینز کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان.

ئەمە یەکەمجار نییە کە بەرنامەی "نهێنییەکانی باخچە" لە تەلەفزیۆنی کۆریای باکووردا پەخش بکرێت، بەجۆرێک کە تیچمارش بە دەرکەوتنی لەسەر شاشەی کەناڵەکانی ئەو وڵاتە سەری سوڕماوە.

 لەو کاتەدا ڕۆژنامەی "سەندەی تایمز" ئاشکرای کرد کە "بی بی سی وۆرلد" و وەزارەتی دەرەوە، بە هیوای ئەوە بوون چاوی خەڵکی کۆریای باکوور بەڕووی جیهاندا بکەنەوە، بەبێ ئەوەی کۆریای باکوور تووڕە بکەن".

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە، کە ئەو بەرنامانەی دەنێردرێت بۆ کۆریای باکوور دەبێت "ناهێرشبەرانە یان خراپ نەبن" وەک "مستەر بین"، "میس مارپڵ"، یان "لێکۆڵەر پۆیرۆت".

 تاوەکو ئیستا نازانرێت بەرنامەی "نهێنییەکانی باخچە" کە ئالان تیچمارش پێشکەشی دەکات بەشێکە لەم پاکێجە یان نا.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی "ئێن کەی" ڕایگەیاندووە، سەرکردەی پێشووی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئیل، ڕایگەیاندبوو، جینز هێمای ئیمپریالیزمی ئەمەریکییە و لە وڵاتێکی سۆسیالیستیدا جێگەی نابێتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا، سەرکوتکردن و قەدەغەکردنی فەرهەنگی ڕۆژئاوا دووبارە بووەتەوە، ڕۆژنامەی "ڕۆدۆنگ سینمونی" حکومی، لە ساڵی 2020 دا داوای لە هاووڵاتیان کرد "فەرهەنگی بۆرژوایی" ڕەتبکەنەوە لە بەرژەوەندی "شێوازی ژیانی سۆسیالیستی".

 دەوترێت سەرکردەی ئێستای کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون کە خۆی حەزی بە جل و بەرگی فراوانە، بەهۆی ئەو کابۆیە تەسک و تیشێرتانەی کە دروشمی ڕۆژئاواییان لەسەرە و لە کۆریای باشوور باون، توڕە دەبێت. بەڵام ئەوەی پرسیارە ئەوەیە، چۆن کۆریای باکوور بەرنامەی "بی بی سی" بەدەست گەیشتووە؟. بەرنامەکانی ڕۆژئاوا لە شاشەکانیدا دەگمەنن، چونکە کۆریای باکوور ڕێگە نادات فەرهەنگی بێگانە بچێتە ناو وڵاتەکەیەوە.