سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا: لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی دەستووریی و ئەخلاقیدان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانتان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکوومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیاریەتییەکی دەستووریی و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێ بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان.

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە: "ئەو ئەرکەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە هەموومان جێبەجێ کردووە، بە سوپاسەوە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە مەعنییەکان هەموو کاری پێویستییان کردووە بۆ ئەوەی هەموو ڕێکارەکان بگرنەبەر و هەموو ئەو بیانوویانەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنراون هەموویان نەهێڵن".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە کردوومانە و هیوادارین ئەمە ببێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی مووچەکان لە کاتی خۆی و وەکو پێویست دابەش بکرێت.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ڕاگەیاندنی چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، ڕایگەیاند: "هیوادارم ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوە کرد: هیوادارین بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون".

ڕۆژی سێشەممە (26ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر رایگەیاند: "ئێمە لە هەرێمی كوردستان نیەتمان وایە كە لەگەڵ هەموو خوشك و براكانی خۆمان لە هەموو ناوچەیەكی تری عێراقیش بە یەكەوە بتوانین بە ئاشتییانە بژین. مافی هەموو پێكهاتەیەك رێزی لێ بگیرێت، بتوانین بە یەكەوە وڵاتێكی خۆشتر و گەشتر و پێشكەوتووتر بینا بكەین".

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی ناڕوونی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد کە بووە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

دوای کات کوشتنێکی زۆر بە پاساوی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی بە چوار لیست نارد بە بری نزیکەی 560 ملیار دینار کە پێکهاتووە لە لیستی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ 37 وەزارەت و دەستە. هاوکات حکوومەتی ناوەندی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کەسوکاری شەهیدان، هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم نەناردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دانیشتنی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (13ی ئاداری 2024) ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی ئادار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکات تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، بەڵام هەرزوو دادگای فیدراڵی و حکوومەتی عێراق ڕوونکردنەوەیاندا بۆ ڕەتکردنەوەی لێدوانەکەی وەزیری دارایی عێراق، کەچی تەیف سامی تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی شوباتیشی بە تەواوی نەناردووە.

رۆژی (15ـی ئاداری 2024) سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاری پارەی فیعلی ڕەوانەکراوی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە، کە کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینارە لە یاسای بودجە، بەڵام بەغدا 998 ملیار دیناری وەک پشک و سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناریشی وەک قەرز ڕەوانە کردووە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی (13ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی وئابووری ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردبوو بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی (949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕەی نەناردووە، ئەمەش وادەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت.